تۆمارگەى مەزهەبى جەعفەرى: کچى موسڵمان شوو بە ناموسڵمان ناکات و بکوژ نابێتە میراتگرى کوژراو

رووداو دیجیتاڵ

بەگوێرەى تۆمارگەى حوکمە شەرعییەکانى مەزهەبی جەعفەرى کە لەمەودوا بۆ شیعەکان کارى پێدەکرێت، نابێت بە زارەکى رەزامەندى لەسەر هاوسەرگیرى بدرێت و باوک یان باپیر ناتوانن بڕیار لەسەر هاوسەرگیرى کوڕەکانیان بدەن، بەڵام بۆ بەشودانى کچ بۆچوونى باپیر باڵادەست دەبێت، کچى موسڵمان نابێت شو بە ناموسڵمان بکات، بکوژى بەئەنقەست نابێتە میراتگرى کوژراو. 
 
ئەو رێکارانە لە تۆمارگەى حوکمە شەرعییەکانى مەزهەبی جەعفەرى شیعە هاتووە، کە 27ى ئابى 2025  لە پەرلەمان پەسند کرا.
 
 لەدواى ئەو هەنگاوە، دادگەکان بەگوێرەى هەموارى یاسای بارى کەسى، رێکارە یاساییەکان بۆ هاوسەرگیرى و جیابوونەوەى ئەو هاوسەرانە دەگرنەبەر کە شوێنکەوتووى مەزهەبی شیعەن.  
 
"نابێت هاوسەرگیرى زارەکى بێت" 
 
لە تۆمارگەی حوکمە شەرعییەکان هاتووە، کە ئەو دوو کەسەی هاوسەرگیری دەکەن دەبێت بە زارەکی و رەزامەندیی خۆیان بۆ ئەو هاوسەرگیرییە دەرببڕن و ئەو رەزامەندییە بە نووسین و ئاماژە نابێت، مەگەر بێدەنگ بێت یان ئەو کەسانەی هەمان مەرج دەیانگرێتەوە.
 
پێگەیشتوویی یەکێکی دیکەیە لە مەرجەکانی هاوسەرگیریی ئەو تۆمارگەیە، کە دەبێت هەردوو هاوسەرەکە پێگەیشتوو بن.
 
نابێت یەکێک لەو دوو هاوسەرە یان هەردووکیان پرۆسەی هاوسەرگیرییان بە زۆر و لەژێر گوشاردا پێ بکرێت. بە زۆر هاوسەرگیری رەتکراوەتەوە، چونکە بەڵێنی پێشوەختەیە.
 
"مەرجى رێگرى لە هاوسەرگیرى دووەم نابێت"
 
بەگوێرەى ئەو تۆمارگەیە، لە گرێبەستی هاوسەرگیریدا نابێت مەرجی دژ بە شەرع یان یاسایی تێدا بێت، بەڵام ئەگەر مەرجی پەیوەندیدار بە ژنێکەوە تێدا بێت کە پاکیزە بێت یان کەمئەندامیی جەستەیی یان نەخۆشیی درێژخایەنی تێدا بێت، لایەنی دووەم دەتوانێت گرێبەستی هاوسەرگیرییەکە هەڵبوەشێنێتەوە.
 
یەکێکی دیکە لە بڕگەکان رێگری دەکات لەوەی ژن لە گرێبەستی هاوسەرگیرییەکەیدا مەرجی ئەوە دابنێت کە مێردەکەی هاوسەرگیریی دووەم نەکات، ئەگەر یاسای رێگەی ئەوەی پێ بدات. 
 
ئەگەر ژنەکە مەرجی ئەوە دابنێت کە لە وڵاتەکەیان یان وڵاتێکی دیکە بن یان لە ماڵێکی سەربەخۆ بێت، دەبێت مێردەکەی پابەند بێت پێوەی، بەڵام پابەند نەبوون بەو مەرجە مافی ئەوەی پێنادات، کە گرێبەستەکەی هاوسەرگیرییەکەی هەڵبوەشێنرێتەوە.
 
باوک و باپیر ناتوانن گوشار لە کوڕ بکەن
 
لە یەکێک لە مادەکاندا هاتووە کە باوک یان باپیری کوڕی پێگەیشتوو مافی ئەوەیان نییە زۆری لێ بکەن بۆ هاوسەرگیری و ئەگەر بە رەزامەندیی ئەوان هاوسەرگیری بکرێت، دروستە.
 
ئەگەر پێشتر ژنەکە شووی کردبێت و جیا بووبێتەوە و لە تەمەنی پێگەیشتووییدا بێت، باوک و باپیری دەسەڵاتی بڕیاردانیان بەسەریدا نییە. بەڵام ئەگەر یەکەم جار بێت شوو بکات یان پێشتر لە قۆناغی دەستگیرانی جیاببووبێتەوە، بڕیاردان لەسەر شووکردنی هاوبەش دەبێت لەنێوان خۆی و باوک یان باپیرى بێت. بەڵام ئەگەر باوک و باپیری کچەکە لەسەر ئەو پرسە ناکۆک بوون و هەر یەکەیەکیان کەسێکی دیاریکردبوو بۆ ئەوەی کچەکە هاوسەرگیری لەگەڵ بکرێت، بژاردەی باپیرەکە پەسند دەکرێت.
 
نابێت پیاوێک لەیەک کاتدا دوو ژنى هەبێت کە خوشک بن
 
یەکێکی دیکە لە رێگرییەکان لە هاوسەرگیری ئەوەیە کە نابێت پیاوێک دوو خوشک بکاتە هاوسەری. نابێت موسڵمان ژنێکی ناموسڵمان بهێنێت، تەنیا شوێنکەوتووانی ئەو ئاینانە نەبێت کە کتێبی ئاسمانییان هەیە، لەوانە کریستیان. بەڵام نابێت هیچ کچێکی موسڵمان هاوسەرگیری لەگەڵ کەسێکی ناموسڵمان بکات.
 
ئەگەر مێرد مافی ژنەکەی نەدا، دەتوانێت کێشەکەی بباتە بەردەم دادوەر، بەڵام ئەگەر ژن ماڵی خۆی بەجێهێشت بەبێ مۆڵەت وەرگرتن، نەفەقەی ناکەوێت.
 
بکوژ میراتى کوژراو وەرناگرێت
 
تۆمارەکە لەبارەی میراتییەوە رێکاری دیاریکراوی تێدایە. بکوژ ناتوانێت ببێتە میراتگری کوژراو ئەگەر بە ئەنقەست تاوانی کوشتنەکەی کردبێت.
 
ئەگەر کەسی کوژراو منداڵی نەبوو، میراتییەکەی دەگەڕێندرێتەوە بۆ باپیرانی و براکانی. ئەگەر ئەوانیشی نەبوو، دەگەڕێتەوە بۆ نەوەکانی باپیرى. ئەگەر ئەوانەشی نەبوون، میراتییەکەی بۆ ئیمام دەبێت کە مەبەست لێی ئیمام عەلی کوڕی ئەبو تاڵیب، یەکەم ئیمامی شیعەکانە.