سەرۆککۆماری عێراق: نزیکەی 19 هەزار کەسمان لە کەمپی هۆل گەڕاندووەتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری عێراق رایدەگەیێنێت، نزیکەی 19 هەزار کەسیان لە کەمپی هۆل گەڕاندووەتەوە و وەزیری کۆچ وکۆچبەرانیش دەڵێت، ئەوانەی گەڕێندراونەتەوە سەرووی 80%یان ژن و منداڵن. بەرپرسێکی پارێزگای نەینەوا گوتی، کەمپی جەدعە بۆ گەڕانەوەی عێراقییەکانی کەمپی هۆل فراوان کراوە. راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراقیش جەخت دەکاتەوە، داخستنی کەمپی هۆل ئاسایش و ئاشتیی نێودەوڵەتی بەهێز دەکات.
 
ئێوارەی رۆژی هەینی 26ی ئەیلوولی 2025، عێراق سەرپەرشتیی کۆنفرانسێکی ئاست بەرزی نەتەوە یەکگرتووەکانی کرد سەبارەت بە گەڕاندنەوە، شیاندنەوە و تێکەڵکردنەوەی دەستبەسەرکراوانی کەمپەکانی رۆژئاوای کوردستان، لەنێویاندا کەمپی هۆل و رۆژ.
 
د. لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق، لە کۆنفرانسەکەدا رایگەیاند، "عێراق بۆ ماوەیەکی درێژ بەدەست تیرۆر و تاوانەکانییەوە ناڵاندوویەتی کە کاریگەریی لەسەر پێکهاتە جیاوازەکان هەبووە. کەمپی هۆل یەکێکە لە ئاڵۆزترین دۆسییەکان. عێراق بڕیارێکی بوێرانەی داوە بۆ گەڕاندنەوەی هاووڵاتییانی خۆی لە کەمپی هۆل. پلانی حکومەت ئامانجی دڵنیابوونە لە یەکگرتنەوە و راهێنانەوەی ئەو کەسانەی لە کەمپی هۆل دەگەڕێنەوە."
 
سەرۆککۆماری عێراق روونیکردەوە، کەمپەکە زیاتر لە 10 هەزار چەکداری 60 وڵاتی تێدایە، 34 وڵات هاووڵاتییانی خۆیان لە کەمپی هۆل گەڕاندووەتەوە، لەنێویاندا عێراق، بەڵام هێشتا هاووڵاتییانی نزیکەی 60 وڵاتی دیکەی تێدا ماوە.
 
بە گوتەی د. لەتیف رەشید، عێراق 4,915 خێزانی گەڕاندووەتەوە کە ژمارەیان 18,880 کەسە، هەروەها 3,407 خێزان کە ژمارەیان 12,557 کەسە، لە ناوەندی چاکسازیی جەدعەوە گەڕێندراونەتەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان؛ هەروەها 3,206 دەستگیرکراوی عێراقییش لە زیندانەکانی هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە وەرگرتووەتەوە.
 
پرۆسەی گەڕاندنەوەی عێراقییەکانی کەمپی هۆل لە ساڵی 2021ـەوە دەستیپێکردووە و بەردەوامە.
 
محەممەد جاسم کاکەیی، سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، ئەمڕۆ شەممە 27ی ئەیلوولی 2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، حکومەتی عێراق بڕیاریداوە هەموو عێراقییەکانی نێو کەمپی هۆل بگەڕێنرێنەوە، بۆیە لەو چوارچێوەیەدا کەمپی جەدعە فراوانکراوە و گوتیشی، بەم دواییانە کەمپی ژمارە پێنج کراوەتەوە و ئێستا کەمپەکان پڕن لە گەڕاوەکانی کەمپی هۆل. 
 
کەمپی هۆل، کە بە کەمپی کەسوکاری چەکدارانی داعش ناسراوە، دەکەوێتە باشووری رۆژهەڵاتی شاری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان و لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)ـدایە.
 
د. فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق جەختی لە پابەندبوونی حکومەتی وڵاتەکەی کردەوە بۆ ئاسانکاریکردنی گەڕانەوەی ئارام و رێکخراوی هاووڵاتییانی لەو کەمپانە و رایگەیاند، "ئەوانەی دەگەڕێنەوە بە شێوەیەکی ئاشتییانە تێکەڵی کۆمەڵگە دەکرێنەوە و بە شێوەیەکی چالاک بەشداری لە کۆمەڵگەدا دەکەن."
 
وەزیری دەرەوەی عێراق داوای میکانیزمێکی جیهانیی هاوئاهەنگی کرد بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکانی ئەو دۆخە، کەمیی سەرچاوەکان و شیاندنەوەی قۆناخی دوای ململانێکان و گوتی، "سەرکەوتنی هەوڵەکانی عێراق، بە هاوبەشی لەگەڵ پشتیوانە نێودەوڵەتییەکان، نەوەک تەنیا سوودی بۆ وڵاتەکەمان دەبێت، بەڵکو ئاسایشی هەرێمی و نێودەوڵەتییش بەهێزتر دەکات."
 
عێراق پێشنیازی دامەزراندنی "گرووپی دۆستان"ی کرد بۆ شیاندنەوە و تێکەڵکردنەوەی ئەو کەسانەی گومانیان لێ دەکرێت پەیوەندییان بە داعشەوە هەبوبێت، بە پشتیوانیی نووسینگەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری نەتەوە یەکگرتووەکان، بۆئەوەی تاوەکو کۆتایی ساڵی 2025 یان چارەکی یەکەمی 2026 کەمپەکانی حەسەکە دابخرێن.
 
هەر لە کۆنفرانسەکەدا ئیڤان فایق، وەزیری کۆچ وکۆچبەرانی عێراق لە رایگەیاند، تاوەکو ئێستا 29 کاروانی عێراقییەکانی کەمپی هۆل گەڕێنراونەتەوە، کە ژمارەیان 19 هەزار کەسن، 12هەزار و 564یان دوای  شیاندنەوەیان تێکەڵ بە کۆمەڵگە کراونەتەوە و گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان، کە سەرووی 80٪یان ژن و منداڵن. 
 
قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشیی نەتەوەیی عێراق بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 27ی ئەیلوولی 2025 لە پۆستێکیدا لە پلاتفۆرمی ئێکسی تایبەتی خۆیدا ، رایگەیاند: "عێراق هەوڵێکی زۆر دەدات بە هاوکاری لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ داخستنی کەمپی هۆل لە سوریا و هاندانی وڵاتان بۆ گەڕاندنەوەی هاوڵاتیانیان لێی". 
 
ئاماژەی بەوەشکرد، "کەمپەکە یەکێکە لە دیارترین سەرچاوە مرۆییەکانی ڕێکخراوی داعش، بۆیە داخستنی گورزێکی کوشندەیە بۆ ڕێکخراوە تیرۆریستییەکە، هەڵوەشاندنەوە و داخستنی کەمپی هۆل ئاسایش و ئاشتی نێودەوڵەتی بەهێز دەکات."
 
ئەو کەسانەی لە کەمپی هۆلەوە دەگەڕێندرێنەوە، سەرەتا لە کەمپی جەدعە لە باشووری موسڵ جێگیر دەکرێن کە ئێستا ناوەکەی گۆڕدراوە بۆ "سەنتەری هیوا"؛ لەو سەنتەرەدا پرۆسەی شیاندنەوە و ئامادەکردنیان بۆ تێکەڵبوونەوە بە کۆمەڵگەکانیان بەڕێوەدەچێت.