ئەپیکور وردەکاریی رێککەوتنی هەناردەکردنەوەی نەوت بۆ رووداو ئاشکرا دەکات؛ "مێژووییە"
رووداو دیجیتاڵ
یەکەمجار دوای دوو ساڵ و نیو لە راگیرتنی، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بۆرییەوە دەستیپێکردەوە. گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) ئەم رۆژە بە "مێژوویی" ناودەبات و جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئێستا رێککەوتنی نووسراو هەیە و گەرەنتیی پێدانی شایستە داراییەکان و شەفافیەت بۆ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت دابین دەکات.
مایڵز کاگینز رۆژی شەممە لە کاتی بەشداربوونی لە بووڵتەنی کاژێر 13:00 بە محەممەد شێخ فاتیح، پێشکێشکاری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هەموو لایەک لە هەناردەکردنەوەی نەوت لە رێگەی بۆریی عێراق-تورکیاوە براوەن؛" گوتیشی: "دواجار رێککەوتنی نووسراومان هەیە. ئەمە رێککەوتنێکی سێقۆڵییە لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان، حکومەتی عێراق و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت. ئەم رێککەوتنەش بە روونی رێڕەوی پێدانی شایستە داراییەکان و بەرپرسیارێتییەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان، حکومەتی عێراق و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان روون دەکاتەوە."
کاگینز گوتی: "رێککەوتنەکە کاتییە. پێداچوونەوە بەم رێککەوتنە کاتییەدا دەکرێ. ئێمە کاردەکەین بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی درێژخایەن لەدوای 31ی کانوونی یەکەمی ئەم ساڵ."
شایستە داراییەکان و شەفافیەت
کاگینز ئاماژەی بەوە کرد کە بەشێکی سەرەکیی رێککەوتنەکە بریتییە لە پێدانی پارە بەشێوەیەکی راستەوخۆ لە رێگەی هەژمارێکی نێوەندگیر لە بانکێکی نێودەوڵەتی و رایگەیاند: "ئێستا کۆمپانیاکان 16 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک وەردەگرن، چ بۆ ئەو نەوتەی لە رێگەی بۆریی عێراق-تورکیاوە هەناردە دەکرێ یان بۆ ئەو 50 هەزار بەرمیلەی لەنێوخۆدا بەکاردێ. ئەم پارەیە دەخرێتە بانکێکی نێودەوڵەتی. حکومەتی عێراق پارەکە دەخاتە ئەو بانکەوە و کۆمپانیاکانیش ... بەپێی ژمارەی بەرمیلی بەرهەمهێندراو و هەناردەکراوی راستەقینە، پارەکە رادەکێشن. ئەمە متمانەی زیاتر بە هەموو لایەک دەبەخشێ و پارەی نەوت لە سیاسەت دوور دەخاتەوە."
کاگینز جەختی لەوەش کردەوە کە میکانیزمەکە رێگە لە ناکۆکیی نێوان بەغدا و هەولێر دەگرێت و گوتی: "بۆیە لەمەودوا هیچ ناکۆکییەکی سیاسی لەنێوان بەغدا و هەولێر نامێنێت. مامەڵەی نەوت بە شێوازێکی دارایی جیاواز بەڕێوەدەچێت."
رۆڵی کۆمپانیای وردبینکار
کاگینز ئاماژەی بەوە کرد کە کۆمپانیای راوێژکاریی نێودەوڵەتی، ود ماکێنزی، سەرپەرشتیی وردبینی و هەژمارکردنی تێچووەکان دەکات. کۆمپانیاکە "تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی هەر کێڵگە و شوێنێکی بەرهەمهێنانی نەوت هەڵدەسەنگێنێت. چاوەڕوانین شێوازێکی دادپەروەرانە بەکاربهێنن [...] کۆمپانیاکانیش لەمڕۆوە پارەی دواکەوتوویان بۆ تێچووی راستەقینەی بەرهەمهێنان و گواستنەوە پێدەدرێت."
ئاستی بەرهەمهێنان
بەگوێرەی پلانە کاتییەکە، کۆی بەرهەمی رۆژانە بە 280 هەزار بەرمیل دانراوە. کاگینز گوتی: "هەرێمی کوردستان 50 هەزار بەرمیل نەوت بۆ پاڵاوگە و پێداویستیی نێوخۆیی دەبات، چاوەڕوانیش دەکرێ رۆژانە 230 هەزار بەرمیل هەناردە[ی بەندەری جەیهان] بکرێ. کۆمپانیا ئەندامەکانی ئەپیکور رۆژانە نزیکەی 65%ی ئەو 280 هەزار بەرمیلە بەرهەم دەهێنن."
روونیشیکردەوە، لە کاتێکدا هەندێک کۆمپانیا نەوت لە رێگەی بۆرییەوە دەگوازنەوە، هەندێکی دیکەیان پشتیان بە تانکەر بەستووە بۆ گەیاندنی نەوتی خاو بۆ پێشابوور لە سنووری قەزای زاخۆ کە دەکەوێتە سنووری تورکیا: "ئەوان بە تانکەر دەیبەن بۆ پێشابوور کە لە نزیک زاخۆیە [...] لەوێ هەمووی پێوانە دەکرێ و تۆمار دەکرێ و دواتر دەخرێتە نێو بۆرییەکەوە."
قەرزە کەڵەکەبووەکان
کاگینز پشتڕاستی کردەوە کە قەرزەکان هێشتا پرسێکی سەرەکین و گوتی: "ئەمەش جارێکی دیکە گرنگیی رێککەوتنی نووسراو دەردەخات. رێککەوتنەکان ئێستا داوا دەکەن حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانی نەوت لە 30 رۆژدا دابنیشن و گفتوگۆ بکەن، واتە لەنێوان ئێستا و مانگێکی دیکەدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکان پلانێک دادەڕێژن بۆ چۆنیەتیی وەرگرتنەوەی پارە دواکەوتووەکانیان. ئەمە ئەو ملیار دۆلارەیە کە وەک قەرزی کۆمپانیاکان لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان کەوتووە."
گوتەبێژی ئەپیکور ستایشی رۆڵی سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقی کرد لە گەیشتن بەم پێشکەوتنە و گوتی: "زۆر سوپاسگوزاری سەرکردایەتیی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و هەروەها سەرۆکوەزیران سوودانین بۆ تەواوکردنی ئەم رێککەوتنانە. هەروەها ئاماژە بەوەش دەکەین کە هەموو سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی جەنابی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، رۆڵێکی گرنگیان هەبوو لە دانوستاندنەکان و هاندانی هەموو لایەنەکان بۆ گەیشتن بەم رێککەوتنە مێژووییە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لە رێگەی بۆریی نەوتی عێراق-تورکیاوە."
وەبەرهێنانی داهاتوو
سەبارەت بە داهاتوو، کاگینز هیوای خواست وەبەرهێنانی بیانی لە کەرتی وزەی هەرێمی کوردستان فراوانتر بێت و دەڵێت: "ئامانجی یەکەمی ئێمە لە ئەپیکور ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان وەک شوێنێکی سەرنجڕاکێش بۆ وەبەرهێنەرانی نەوت و گاز پیشان بدەین. ئێستا کە هەناردەکردن دەستیپێکردووەتەوە و گرێبەستەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان بە تەواوی رێزیان لێدەگیرێ و جێبەجێ دەکرێن، پێمان وایە ئەمە متمانەی زیاتر دەبەخشێتە وەبەرهێنەرانی داهاتووی نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستان و هەروەها بوارە بازرگانییەکانی دیکەش لە سەرتاسەری عێراقدا."
هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی هێڵی بۆریی کەرکووک-جەیهانەوە لە ئاداری 2023ـەوە راگیرابوو، دوای بڕیاری دەستەیەکی ناوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس دژی تورکیا. دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن لە رۆژی شەممە هەنگاوێک بوو لە چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان بەغدا، هەولێر و بەرهەمهێنەرە بیانییەکان و توانەوەی بەستەڵەکێکی گەورەی بەردەم مووچەی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بوو.
دەقی پرسیار و وەڵامی رووداو و مایڵز کاگینز، گوتەبێژی ئەپیکور:
رووداو: پیرۆزبایی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتتان لێ دەکەین. ئایا خۆتان بە براوە دەزانن؟ شایستە داراییەکانتان چۆن پێ دەدرێتەوە؟ قازانجی ئێوە چییە؟
مایڵز کاگینز، گوتەبێژی ئەپیکور: ئەمڕۆ رۆژێکی مێژووییە و پێویستە هەمووان دڵخۆش بن. ئەمە دۆخێکە کە هەموو لایەک تێیدا براوەیە. هەموو لایەنەکان لە هەناردەکردنەوەی نەوت لە رێگەی بۆریی نەوتی عێراق-تورکیاوە براوەن. کاک محەممەد، دوایین جار کە لەگەڵت بووم، لە ستۆدیۆی رووداو بووم، رەنگە سێ مانگ لەمەوبەر بووبێت و لەگەڵ ئێوە لەبارەی گرنگیی رێککەوتنە نووسراوەکانەوە قسەم کرد. دواجار ئێستا رێککەوتنە نووسراوەکانمان هەیە. ئەمانە رێککەوتنی سێقۆڵین لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان، حکومەتی عێراق و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت. ئەم رێککەوتنانە بە روونی رێڕەوی پێدانی پارەی کۆمپانیاکان و بەرپرسیارێتییەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان، حکومەتی عێراق و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت دیاری دەکەن و روونی دەکەنەوە.
رووداو: ئایا لەم رێککەوتنەدا بە فەرمی دان بە گرێبەستەکانی ئەپیکور و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا نراوە یان نا؟
مایڵز کاگینز، گوتەبێژی ئەپیکور: بێگومان، گرێبەستەکانی نێوان کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت و حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تەواوی یاسایین و ئەو گرێبەستانە لەلایەن بەغداوە رێزیان لێدەگیرێ. ئەوەی گرنگە بینەرانت بیزانن ئەوەیە، ئەو رێککەوتنانەی بوونەهۆی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت، رێککەوتنی کاتین، یان دەتوانم بڵێم رێککەوتنی قۆناخ بە قۆناخە. پێداچوونەوە بەم رێککەوتنە کاتییەدا دەکرێ و کاردەکەین بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی درێژخایەن دوای رۆژی 31ی کانوونی یەکەمی ئەم ساڵ. کەواتە ئێستا رێککەوتنی کاتیمان هەیە و لە هەفتەکانی داهاتوودا رێککەوتنی درێژخایەنمان دەبێ.
رووداو: ئایا ئێوە هیچ نیگەرانییەکتان هەیە لەوەی کۆمپانیای نێوەندگیری وردبینکار دەستکاری نێوەڕۆکی گرێبەستەکانتان بکات؟
مایڵز کاگینز، گوتەبێژی ئەپیکور: کۆمپانیاکانی ئێمە ئاشنان بە ود مکێنزی. ود مکێنزی ناوی ئەو کۆمپانیایەیە کە هەڵسەنگاندن بۆ تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت لە هەر کێڵگەیەکی نەوت و هەر شوێنێکی بەرهەمهێنان دەکات. ئێمە چاوەڕوانین کە ئەوان رێگەیەکی دادپەروەرانە بۆ ئەنجامدانی ئەم وردبینکارییە بەکاربهێنن و کاتێک ئەم وردبینکارییە تەواو بوو، هەر کۆمپانیایەک تێچووی راستەقینەی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی خۆی وەردەگرێ، هەروەها کۆمپانیاکان لەمڕۆوە دەست دەکەن بە وەرگرتنەوەی پارەی دواکەوتوویان بەرامبەر تێچووی راستەقینەی بەرهەمهێنان و گواستنەوە.
رووداو: ئایا ود مکێنزی کۆمپانیا نێوەندگیرەکەیە؟
مایڵز کاگنز، گوتەبێژی ئەپیکور: بەڵێ، ود مکێنزی لەلایەن حکومەتی عێراقەوە راسپێردراوە بۆ تەواوکردنی کاری راوێژکاری. ئەمە هەمووی بەپێی مادەی 12ی یاسای بودجەی عێراق پێویستە بکرێ.
رووداو: گوتت لە داهاتوودا رێککەوتنێکی درێژخایەنتر واژۆ دەکەن؟ ئایا نێوەڕۆکی ئەم رێککەوتنە کاتییە بۆ ئێوە دەست دەدات کە بۆ ماوەی درێژخایەنیش کاری پێ بکەن؟ یان دەبێت چی لە نێوەڕۆکیدا بگۆڕدرێت تا لە ئاست داواکاریی ئێوە بێت؟
مایڵز کاگنز، گوتەبێژی ئەپیکور: گرێبەستە درێژخایەنەکان رەنگدانەوەی ئەو کارە دەبن کە کۆمپانیا راوێژکارەکە ئەنجامی دەدات. ئەمەش ئەوە دەگەیێنێت کە کۆمپانیاکانی ئێمە دەتوانن تێچووی راستەقینەی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتیان بۆ هەژمار بکرێ. ئێمە دەمانەوێ دڵنیابینەوە کە وەبەرهێنانەکانمان پارێزراون. هەر یەکێک لە کۆمپانیاکانی ئێمە سەتان ملیۆن دۆلار یان ملیاران دۆلاری وەبەرهێناوە و پێویستمان بە مۆدێلێکی بازرگانیی بەهێز و باشە لە گرێبەستە درێژخایەنەکەدا.
رووداو: گرووپی ئەپیکور ئێستا چەند ئەندامی هەیە؟ ئەمڕۆ چەند نەوتان بەرهەمهێنا؟ چەندتان خستە نێو بۆریەکە و چەندتان دایە حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی لە نێوخۆدا بەکاریبێنێت؟
مایڵز کاگنز، گوتەبێژی ئەپیکور: پرسیارێکی زۆر باشە. لە رووی درێژخایەنەوە، رێککەوتنەکە بۆ بەرهەمهێنانی 280 هەزار بەرمیل نەوتە لە رۆژێکدا. هەرێمی کوردستان 50 هەزار بەرمیل نەوت بۆ پاڵاوتنی نێوخۆیی و پێداویستییەکانی ناوخۆ دەبات. چاوەڕوانیش دەکرێ رۆژانە 230 هەزار بەرمیل هەناردە بکرێ. ئەم بەرمیلە نەوتانە لە کۆمپانیاکانی ئەپیکورەوە دێن، بەڵام بەرهەمهێنەری دیکەش لە هەرێمی کوردستان هەن، لەنێویاندا کار گرووپ کە یەکێکە لەو کۆمپانیانەی کوردستان کە بەهێزن و مایەی شانازین.
رووداو: لەو 280 هەزار بەرمیلە چەندی لە لایەن ئەپیکورەوە بەرهەمدەهێندرێت؟
مایڵز کاگنز، گوتەبێژی ئەپیکور: نەوتەکە لە رێگەی پێشابوورەوە هەناردە دەکرێ بۆ جەیهان. وەک پێشتریش باست کرد، سۆمۆ لە بەغداوە نوێنەری لە پێشابوور هەیە و هەروەها نوێنەریان لە جەیهانیش هەیە، کە لەوێ نەوتەکە بە کڕیارە جیهانییەکان دەفرۆشرێ. کۆمپانیا ئەندامەکانی ئەپیکور رۆژانە نزیکەی 65%ی ئەو 280 هەزار بەرمیلە بەرهەم دەهێنن.
رووداو: ئەمڕۆ بە دیاریکراوی دیارە چەند نەوت لە لایەن کۆمپانیاکانی ئەپیکورەوە بەرهەمهێندراوە؟
مایڵز کاگنز، گوتەبێژی ئەپیکور: بەڵێ. کاک محەممەد، بە هەر کۆمپانیایەک گوتراوە کە رۆژانە پێویستە چەند بەرمیل بخاتە نێو بۆرییەکەوە. حکومەتی هەرێمی کوردستان رێنمایی دەدات و پشکی هەر کۆمپانیایەک دیاری دەکات کە پێویستە چەند بخەنە نێو بۆرییەکەوە و دواتر کۆمپانیاکان پابەندی ئەو رێنماییانە دەبن بۆ هەناردەکردنی نەوت.
رووداو: ئەو کێڵگە نەوتییانە بەو بۆریەوە بەستراونەتەوە کە بۆ بەندەری جەیهان دەڕوات یان بەشێک لە نەوتەکە لە رێگەی تانکەرەوە دەگەیێندرێتە وێستگەیەک و لەوێوە دەخرێتە بۆرییەکەوە؟
مایڵز کاگنز، گوتەبێژی ئەپیکور: ئێمە تێکەڵەیەک لە کۆمپانیاکانمان هەیە کە شێوازی گەیاندنی نەوتیان بە وێستگەی پێوانەکردنی پێشابوور جیاوازە. هەندێک لە کۆمپانیاکان بۆریی نێوخۆیی بەکاردەهێنن کە لەنێو هەرێمی کوردستاندان و کۆمپانیاکانی دیکە دەبێت نەوتەکە لە شوێنی بەرهەمهێنانەکانیانەوە بە تانکەر بگوازنەوە و تانکەرەکان دەیبەن بۆ پێشابوور، کە لە نزیک زاخۆیە و بۆرییەکەی لێیە، نەوتەکەیان بە تانکەر دەگوازنەوە و دواتر هەمووی دەپێورێ و لە تۆمارێکدا دەنووسرێ و پاشان دەخرێتە نێو بۆرییەکە.
رووداو: دی ئێن ئۆ و گەنەل ئینێرجی دەڵێن نایانەوێ بەشێک بن لەم رێککەوتنە چونکە شایستە داراییەکانیان زۆرە؛ نزیکەی 400 ملیۆن دۆلار قەرزیان لای حکومەتی هەرێمی کوردستانە. ئەمڕۆ گەنەل ئینێرجی و دی ئێن ئۆ نەوتیان بەرهەمهێنا و رادەستیان کرد؟
مایڵز کاگنز، گوتەبێژی ئەپیکور: سەرۆکی کۆمپانیای DNO راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و گوتی کۆمپانیاکەی نەوت دەداتە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی هەرێمیش پشکی خۆی هەناردە دەکات. هەر کۆمپانیایەک بڕیارێکی سەربەخۆ دەدات سەبارەت بە واژۆکردنی رێککەوتنەکان و بڕیارێکی سەربەخۆش پەیوەست بە هەناردەکردن. کۆمپانیاکانی ئێمە بڕیارەکانیان لەسەر بنەمای توانای کارپێکردن و ئامانجە بازرگانییەکانیان دەدەن.
رووداو: واتە ئەمڕۆ هەموو کۆمپانیاکانی ئەپیکور بەشداربوون لە ناردنی نەوتی هەرێمی کوردستان؟ هەموو ئەو نەوتەی لە لایەن ئەپیکورەوە بەرهەمهێندرا، هەناردە کرا؟
مایڵز کاگنز، گوتەبێژی ئەپیکور: هەموو کۆمپانیاکانی ئەپیکور رێککەوتنەکەیان واژۆ نەکردووە، بۆ نموونە، تۆ باست لە DNO و گەنەل ئێنێرجی کرد. بەڵام لانیکەم هەشت کۆمپانیای نێودەوڵەتیی نەوت هەن کە بەشداری لە هەناردەکردنی نەوتدا دەکەن لە رێگەی بۆرییەوە. هەروەها هەموو کۆمپانیاکانی ئەپیکور بەشدارییان لەو هەناردەکردنەدا کردووە کە ئەمڕۆ هەیە و لە رۆژان و هەفتەکانی داهاتووشدا بەردەوام دەبێت.
رووداو: دیارە چۆن مامەڵە لەگەڵ نەوتی دی ئێن ئۆ و گەنەل ئینێرجی دەکرێ؟ هیچ میکانزمێکی جیاواز بۆ ئەو دوو کۆمپانیایە دانراوە؟
مایڵز کاگنز، گوتەبێژی ئەپیکور: باشە، من بۆ بڕیارەکانیان دەتانگەڕێنمەوە لای DNO و گەنەل، بەڵام هەر کۆمپانیایەک دەتوانێ بە شێوەیەکی سەربەخۆ پەیوەندی بە حکومەتی هەرێمی کوردستان و سۆمۆوە بکات بۆ دانوستاندن لەسەر رێککەوتنەکان. هەروەها هیوادارین کۆمپانیای زیاتر سەرنجیان بۆ هەرێمی کوردستان رابکێشرێ و وەبەرهێنان لە بەرهەمهێنانی نەوت و گازدا بکەن. کاتێک کۆمپانیا نوێیەکان دێن، ئەوانیش دانوستاندن لەسەر رێککەوتنی هەناردەکردن دەکەن.
رووداو: مەبەستت لە کۆمپانیای نوێ چییە؟
مایڵز کاگنز، گوتەبێژی ئەپیکور: هیوادارین لە ماوەی درێژخایەندا کۆمپانیای بیانی زیاتر بێنە هەرێمی کوردستان. نازانم ئەو کۆمپانیایانە کێ دەبن، بەڵام پێمان وایە هەرێمی کوردستان شوێنێکی گرنگە بۆ وەبەرهێنان لە نەوتدا و باوەڕمان وایە ئەو کۆمپانیایانەی ئێستا لە هەرێمی کوردستانن و کۆمپانیاکانی داهاتووش، دەستکەوتی ئابووریی بەهێزیان دەبێ و دەبنە بازرگانیی قازانجبەخش لە هەرێمی کوردستان.
رووداو: زانیاری یان گفتوگۆ هەیە کۆمپانیای نوێ بێتە هەرێمی کوردستان؟
مایڵز کاگنز، گوتەبێژی ئەپیکور: یەکەم ئامانجی ئێمە وەک ئەپیکور، روونکردنەوە و پیشاندانی هەرێمی کوردستانە وەک شوێنێکی سەرنجڕاکێش بۆ وەبەرهێنەرانی نەوت و گاز. ئەو وەبەرهێنەرانە روو لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن. ئێستا هەناردەکردن دەستیپێکردووەتەوە و گرێبەستەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت بە تەواوی رێزیان لێدەگیرێ و جێبەجێ دەکرێن، پێمان وایە ئەمە متمانەی زیاتر دەبەخشێتە وەبەرهێنەرانی داهاتوو لە بواری نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستان و هەروەها بازرگانییەکانی دیکەش لە سەرتاسەری عێراقدا.
رووداو: بابەتی وەرگرتنی ئەم 16 دۆلارە چۆنە؟ بە چ میکانزمێک وەریدەگرن؟ ئەو نەوتەی لەبری پارە وەریدەگرن، لە هەرێمی کوردستان یان لە بەندەری جەیهان وەریدەگرن؟ یان کۆمپانیای سۆمۆ بۆتانی دەفرۆشێ و 16 دۆلارتان پێ دەدات؟
مایڵز کاگنز، گوتەبێژی ئەپیکور: یەکێک لە لایەنە گرنگەکانی رێککەوتنەکە، زیادکردنی دڵنیاییە لە پێدانی پارە. ئێستا کۆمپانیاکان 16 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک وەردەگرن کە لە رێگەی بۆریی نەوتی عێراق-تورکیاوە هەناردە دەکرێ و هەروەها بۆ ئەو 50 هەزار بەرمیلەش کە لە ناوخۆ بە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەفرۆشرێ. ئەم پارەیە لە بانکێکی نێودەوڵەتی دادەنرێ. حکومەتی عێراق پارەکە دەخاتە نێو بانکە نێودەوڵەتییەکەوە و کۆمپانیاکان پارەکە رادەکێشن دوای پێداچوونەوە بە پسووڵە و تۆماری بڕی هەناردەکراویان. ئەمە شەفافییەتێکی زۆر و دڵنیایی زیاتر دەبەخشێت بۆ ئەو پارەیەی کە تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە دەگرێتەوە.
رووداو: ئەمە هەژماری نێودەوڵەتی دەبێت؟ مەبەستت هەژماری نێوەندگیرە؟ لە کام بانک دەبێت؟
مایڵز کاگنز، گوتەبێژی ئەپیکور: هەژمارێکی نێوەندگیر لە بانکێکی نێودەوڵەتی دەکرێتەوە. هەژمارە بانکییەکە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەغداوە دادەمەزرێ. بۆیە گرنگ نییە کام بانکە، بەڵکو ئەوە گرنگە کە هەموو لایەنەکان دەبینن پارەکە دەچێتە نێو هەژمارە بانکییەکەوە و بەپێی بڕی نەوتی بەرهەمهێندراو و هەناردەکراو پارەکە رادەکێشن. ئەمە متمانەی زیاتر بە هەموو لایەک دەبەخشێت و پارەی نەوت لە سیاسەت دووردەخاتەوە. بۆیە هیچ ناکۆکییەکی سیاسی لەنێوان بەغدا و هەولێردا نامێنێت. مامەڵەی نەوت بە شێوازێکی دارایی جیاواز چارەسەر دەکرێت.
رووداو: هیچ گەرەنتییەکتان هەیە کە قەرزەکانتان وەرگرنەوە؟ قەرزەکە چەندە؟ میکانزمی وەرگرتنەوەی چییە؟
مایڵز کاگنز، گوتەبێژی ئەپیکور: ئەمەش دیسانەوە گرنگیی رێککەوتنە نووسراوەکان دەردەخات. رێککەوتنەکان ئێستا وا دەخوازن کە حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانی نەوت لە 30 رۆژدا دابنیشن و گفتوگۆ بکەن. کەواتە لەنێوان ئێستا و مانگێکی دیکەدا حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانی نەوت پلانێک دادەڕێژن بۆ چۆنیەتیی وەرگرتنەوەی پارە دواکەوتووەکانیان. ئەمە ئەو ملیار دۆلارە بوو کە حکومەتی هەرێمی کوردستان قەرزداری کۆمپانیاکان بوو. ئێمە هەموومان هاوکارین و چاوەڕوانی ئەوەین پلانێکی باش و روونمان هەبێت بۆ چۆنیەتی وەرگرتنەوەی پارەی رابردووی کۆمپانیاکانمان. ئێمە زۆر سوپاسگوزاری سەرکردایەتیی بەڕێز سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و هەروەها سەرۆکوەزیران سوودانین بۆ تەواوکردنی ئەم رێککەوتنانە. هەروەها ئاماژە بەوەش دەکەین کە هەموو سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی جەنابی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، رۆڵێکی گرنگیان هەبوو لە دانوستاندنەکان و هاندانی هەموو لایەنەکان بۆ گەیشتن بەم رێککەوتنە مێژووییە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لە رێگەی بۆریی نەوتی عێراق-تورکیاوە.
رووداو: هیچ رێککەوتنێکی نووسراو هەیە بۆ وەرگرتنەوەی قەرزەکانتان؟ هیچ میکانیزم و گەرەنتی هەیە؟
مایڵز کاگنز، گوتەبێژی ئەپیکور: بەڵێ، لە رێککەوتنە نووسراوەکاندا رێککەوتن کراوە کە لە 30 رۆژدا کۆببنەوە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی دیکە سەبارەت بە دانەوەی قەرزە دواکەوتووەکان.