عێراق 79%ی رێکارەکانی بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتەکان بۆ ئەورووپا تەواوکردووە


رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی عێراق هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ نەهێشتنی ئەو قەدەخەیەی 10 ساڵە لەسەر گەشتەکانی هێڵی ئاسمانیی عێراقییە بۆ وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا هەیە. گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق دەڵێ، 79%ـی رێکارەکانیان بۆ ئەو مەبەستە تەواوکردوون.

مەیسەم سافی ئەمڕۆ دووشەممە، 27ـی تشرینی یەکەمی 2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لەڕێگەی لیژنەیەکی تایبەتمەندەوە و بە جێبەجێکردنی پرۆسەیەکی زۆر باش، گەیشتووینەتە 79%ـی رێکارەکانی راستکردنەوە لە پرۆگرامی چاکسازیی ئایۆسا (IOSA)، ئەوەش وەک هەنگاوی یەکەم پێش بەدەستهێنانی بڕوانامەی TCO کە بە دەروازەیەک دادەنرێ بۆ لابردنی قەدەخەکردنەکە."
 
مەیسەم سافی گوتیشی: "گرێبەستێکیشمان لەگەڵ تیمی ئایاتا هەیە سەبارەت بە یارمەتیدانی هێڵی ئاسمانیی عێراق بۆ جێبەجێکردنی پێداویستییەکانی لابردنی قەدەخەکردنەکە."
 
قەدەخەی یەکێتیی ئەورووپا لەسەر هێڵی ئاسمانیی عێراق ساڵی 1991 سەپێندرا، ساڵی 2009 و بۆ ماوەیەکی کورت ئەو قەدەخەیە هەڵگیرا، بەڵام لە ساڵی 2015دا سەپێندرایەوە. 
 
بەگوێرەی یەکێتیی نێوەدەوڵەتیی گواستنەوەی ئاسمانی، هۆکاری سەرەکیی سەپاندنەوەی قەدەخەکە پابەندنەبوونی هێڵی ئاسمانیی عێراقی بوو بە پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی سەلامەتیی فڕۆکەوانی کە لەلایەن یەکێتیی نێودەوڵەتیی گواستنەوەی ئاسمانی (IATA) و ئاژانسی سەلامەتیی فڕۆکەوانیی ئەورووپا دانراوە.
 
گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق دەڵێت، وەزارەتەکەی پلانی هەیە گەشتە ئاسمانییەکان زیاتر بکات و لە سێ ساڵی رابردوویشدا 13 فڕۆکەیان وەرگرتووە کە دیارترینیان فڕۆکەکانی دریملاینەر و ماکسن لە کۆمپانیای بۆینگ بوون. ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا 39 فڕۆکەی هێڵی ئاسمانیی عێراقی کاردەکەن.
 
سەبارەت بە پلانی داهاتوو، مەیسەم سافی رایگەیاند: "چاوەڕێی وەرگرتنی 18 فڕۆکەی دیکەین تاوەکو ساڵی 2027 کە 8 فڕۆکەیان دریملاینەر و 10 فڕۆکەیان ماکسن، بەمەش تاوەکو ساڵی 2027 ژمارەی فڕۆکە نوێیەکان دەگاتە 31 فڕۆکە."