لە 5 خولی رابردووی پەرلەمانی عێراق دا 57 ژن بە دەنگی پێویست بوونەتە پەرلەمانتار
رووداو دیجیتاڵ
لە هەڵبژاردنی ئەم ساڵی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دا، لە کۆی 7754 بەربژێر، 2250یان ژنن، کە کێبڕکێ لەسەر دەستخستنی کورسییەکانی پەرلەمان دەکەن. هەرچەندە بەپێی سیستمی کۆتا، 83 کورسی لە کۆی 329 کورسیی پەرلەمان بۆ ئافرهتان مسۆگەر کراوە، بەڵام بەربژێری ژن هەیە دەتوانێت بێ کۆتا و بە دەنگی پێویست ببێتە ئەندامی پەرلەمان.
نەجیبە نەجیب، ئەندامی خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق و بەربژێری ئێستای پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەم خولەی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیای رووداوی گوت، "لە خولی پێشووی پەرلەمان 29 هەزار و 490 دەنگم بەدەستهێنا و پێویستم بە کۆتا نەبوو ببمە ئەندام پەرلەمان."
"ژنان ناتوانن بەبێ کۆتا بگەنە 25%"
نەجیبە نەجیب گوتی، "بە بڕوای من، ژن دەتوانێت خوی بگەیێنێتە پەرلەمان، بەڵام ناتوانێت بگەیێنیتە رێژەی 25 لە سەدا کە دەکاتە 83 ژنە پەرلەمانتار، بۆیە گەیشتن بەو رێژەیە پێویستی بە کۆتا دەبێت."
سەبارەت بەوەی کە ژن چون دەتوانێت دەنگدەر بۆ خۆی کەمەندکێش بکات، نەجیبە نەجیب دەڵێت: "کومەڵێک شت هەن دەبێ لە بەربژێری ژندا هەبن، وەکو راستگۆیی لە بەڵێنەکانیدا لەگەڵ دەنگدەر، باوەڕ بەخۆبوون، لێهاتوویی و چالاکی. ئەمە وا لە دەنگدەر دەکات متمانەی بە ژن زیاتر بێت."
لە خولی پێنجەمدا 14 ژن بە دەنگی پێویست بوونە پەرلەمانتار
یەکێك لەو ژنە پەرلەمانتارانەی کە بەدەنگی پێویست چووەتە پەرلەمان، سۆزان مەنسور، پەرلەمانتاری خولی پێنجەمی عێراقە و کە بۆ خولی شەشەمیش بەربژێری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە. سۆزان مەنسور بە رووداوی گوت، ئەو بە 22 هەزار دەنگ بووەتە پەرلەمانتار و پێویستی بە سیستمی کۆتا نەبووە. دەشڵێت، "بۆ ئەم هەڵبژاردنەش چاوەروانم دەنگەکانم بگەیێنمە 24 هەزار."
نیبراس ئەبو سۆدە، جێگری گوتەبێژی کومیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژادنەکانی عێراق بە رووداوی راگەیاند، تاوەکو ئێستا لە پەرلەمانی عێراق 57 ژن بە دەنگی پێویست بوونەتە پەرلەمانتار و پێویستیان بە کۆتا نەبووە.
لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق کە لە ساڵی 2021 خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستان دەنگیان بۆدا، 14 بەربژێری ژن بە دەنگی پێویست و بەبێ سیستمی کۆتا بوونە پەرلەمانتار.