دادگەی فیدراڵی راگرتنی رێکارەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی رەتکردەوە
رووداو دیجیتاڵ
دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق دوو سکاڵای لەبارەی هەڵبژاردن رەتکردەوە؛ یەکێکیان داوای کردبوو رێکارەکانی کۆمیسیۆن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق رابگیرێت تاوەکو یاساکەی یەکلا دەکرێتەوە، سکاڵایەکى دیکە کە رەتکرایەوە، سەرلیستێکى دوورخراوە پێشکێشى کردبوو بۆ ئەوەى بگەڕێندرێتەوە رکابەریی هەڵبژاردن.
هەردوو سکاڵاکە ئەمڕۆ دووشەممە 27ی تشرینی یەکەمی 2025، لەلایەن دادگەی باڵای فیدراڵی عێراقەوە تاوتوێ کران و رەتکرانەوە.
سکاڵایەکیان لەلایەن چوار کەسەوە لەسەر پەرلەمانی عێراق پێشکێش کرابوو، داوایان دەکرد شەش بڕگەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بە نادەستووری بناسێنرێت و پەرلەمان و کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان پابەند بکرێن بە راگرتنی سەرجەم رێکارەکانی هەڵبژاردن، تاوەکو ئەو کاتەی ئەو پرسە یەکلا دەبێتەوە.
ئەو ماددانەی تانەیان لێدرابوو تایبەتن بە کۆکردنەوەی واژۆی دەنگدەران بۆ خۆبەربژێرکردن، دیاریکردنی جێگرەوەی پەرلەمانتار، ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمان و دابەشکردنی بەگوێرەی پارێزگاکان و ژمارەی کورسیی پێکهاتەکان.
پاساوی بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵی بۆ رەتکردنەوەی سکاڵاکە ئەوە بووە کە "پێشتر ئەو پرسە یەکلا کراوەتەوە."
ئازاد دۆسکی، پارێزەر و شارەزای یاسایی بە رووداوی گوت: "ئەو جۆرە رەتکردنەوەیە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە پێشتر سکاڵایەکی لەو جۆرە لە دادگەی باڵای فیدراڵی تۆمارکراوە و بڕیاری لەبارەوە داوە و نابێت جارێکی دیکە لەو پرسەدا سکاڵا تۆمار بکرێتەوە."
سکاڵای دووەمیان کە لەلایەن دادگە رەتکرایەوە، لەلایەن یەزن مەشعان جبووری، سەرلیستی پێشووی هاوپەیمانیی (سقورنا) لە پارێزگای سەلاحەدین پێشکێش کرابوو، تێیدا داوای کردبوو بڕیارێکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کە لە 8ـی ئەیلوولی 2025 دەری کردووە بە نادەستووری دابنێت کە بەهۆیەوە لە سەرلیستی هاوپەیمانێتییەکە دوور خرایەوە و کۆمیسیۆن پابەند بکرێت بە گەڕاندنەوەی.
پاساوی دادگەی باڵای فیدراڵی بۆ ڕەتکردنەوەی ئەو سکاڵایەی سەرلیستی سقورنا لە سەلاحەدین ئەوەشە کە ئەو پرسە لە پسپۆڕیی دادگەکەدا نییە.
هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق لە 11ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ دەکرێت. هەر پارێزگایەکی عێراق و هەرێمی کوردستان بازنەیەکی هەڵبژاردنە.