بافڵ تاڵەبانی و خەزعەلی و سامەڕائی و کلدانی داوای چارەسەری کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەکەن


رووداو دیجیتاڵ 

بافڵ تاڵەبانی، قەیس خەزعەلی، موسەننا سامەڕایی و رەیان کلدانی لە بەغدا کۆبوونەوە و داوایانکرد ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەرێکی ریشەییانەیان بۆ بدۆزرێتەوە.
 
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان؛ قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیبی ئەھلی حەق؛ موسەننا سامەڕایی، سەرۆکی ھاوپەیمانیی عەزم و رەیان کلدانی، ئەمینداری گشتی بزووتنەوەی بابلیون ئەمڕۆ یەکشەممە 27-11-2022 لە ماڵی مام لە بەغدا کۆبوونەوە.
 
‏‎نووسینگەی بافڵ جەلال تاڵەبانی لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "لە کۆبوونەوەکەدا دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی وڵات تاوتوێکران؛ ئەرک و بەرپرسیارێتی لایەنە سیاسییەکان بۆ سەرخستن و جێبەجێکردنی کارنامەی ‌حکومەتی نوێ گفتوگۆی لەبارەوەکرا؛ جەخت لە هاوئاهەنگی و هاریکاری بەردەوامی نێوان هێزە نیشتمانییەکان کرایەوە لەپێناو راپەراندنی ئەرکە دەستووری و نیشتمانییەکان و پاراستنی مافی هەموو گەلانی عێراق." 
 
‏‎وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، کۆبوونەوە بە رەچاوکردنی دۆخی سیاسی، ئابووری، ئەمنی ئەمڕۆی عێراق داوایکرد بەرژەوەندی نیشتمانی، پێکەوەیی و هاوبەشیی راستەقینە بکرێنە بنەمای کارکردن و بەهێزکردنی پایەکانی حوکمڕانی.
 
هەر لە کۆبوونەوەکەدا پشتگیریی لایەنەکان بۆ سەرخستنی بەرنامەی ‌حکومەت و پڕۆسەی چاکسازی وەک فاکتەرێکی گرنگی بەدیهێنانی سەقامگیری لە وڵاتدا باسکرا و داواشکرا ناکۆکییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق چارەسەرێکی ریشەییانەیان بۆ بدۆزرێتەوە و دەستوور بکرێتە پێوەر بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و سازان لەسەر ئەو خاڵانەی ناکۆکییان لەسەرە.
 
‏‎بافڵ جەلال تاڵەبانی لە کۆبوونەوەکەدا خواستی ھەرێمی کوردستان و خەڵکی کوردستانی بۆ گەیشتن بە رێککەوتن و چارەسەرکردنی کێشەکان دووپاتکردەوە و رایگەیاند: "ئامانجی ئێمە پاراستنی هاوسەنگی و بەدیهێنانی مافەکانی گەلی کوردە لە چوارچێوەی عێراقی فیدراڵدا"، ئەوە بە گوێرەی راگەیێندراوەکە. 
 
بافڵ جەلال تاڵەبانی هەروەها گوتی: "دەمانەوێت تەبایی و پێکەوەژیان بکەینە بنەمای کارکردن. هەموومان لەپێناو سەقامگیری و خۆشگوزەرانی بۆ هاووڵاتییانمان هەوڵبدەین. دڵنیاین دەتوانین لەگەڵ برا و دۆستەکانمان وڵات بەرەو ئاشتی، سەقامگیری و یەکسانی ئاراستە بکەین و لەئاست ئەو بەرپرسیارێتییە مێژووییەدا بین."