مانگی رابردوو عێراق بایی 9.5 ملیار دۆلار نەوتی فرۆشتووە

رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێت، لە مانگی تشرینی یەکەمی 2023 زیاتر لە 109 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی هەناردە کردووە، داهاتی ئەو نەوتەش زیاتر لە نۆ ملیار و 500 ملیۆن دۆلار بووە.
 
وەزارەتی نەوتی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە، 27-11-2023، لە راگەیێندراوێکدا ئاماری کۆتایی بڕ و داهاتی نەوتی خاوی هەناردەکراوی مانگی رابردووی رایگەیاند، بەپێی ئاماری کۆمپانیای فرۆشتنی نەوتی خاوی عێراق (سۆمۆ)، بڕی نەوتی خاوی هەناردەکراو لە مانگی تشرینی یەکەمی رابردوودا گەیشتووەتە "109 ملیۆن و 589 هەزار بەرمیل؛ داهاتی ئەو نەوتەش گەیشتە نۆ ملیار و 593 ملیۆن و 643 هەزار دۆلار".
 
بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتی نەوتی عێراق، تێکڕای نەوتی خاوی هەناردەکراو لە کێڵگەکانی نێوەڕاست و باشووری عێراق لە مانگی رابردوودا گەیشتە 108 ملیۆن و 50 هەزار و 360 بەرمیل، هاوکات لە گەیارە ملیۆنێک و 30 هەزار و 501 بەرمیل و هەناردەکراوە، هەروەها 464 هەزار و 728 بەرمیل نەوت هەناردەی ئوردن کراوە.
 
وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێت، هەر بەرمیلێکی ئەو نەوتە بە تێکڕا بە 87,577 دۆلار فرۆشراوە.
 
لە 10 مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا عێراق 105 تریلیۆن و 64 ملیار و 700 ملیۆن دیناری لە فرۆشتنی نەوت دەستکەوتووە، لەکاتێکدا بۆ هەموو ساڵەکە پێشبینیکراوە نزیکەی 117 تریلیۆن دینار (90 ملیار دۆلار) داهاتی هەبێت، واتە داهاتەکەی لە داهاتی پێشبینیکراوی نێو یاسای بودجە زیاتر بووە، بەمەش کورتهێنانی کەمدەبێتەوە.
 
بەپێی یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2023، داهات، خەرجی و کورتهێنان بەمشێوەیەیە:
 
- داهاتەکان بە دۆلار و دینار
 
- 134 تریلیۆن و 552 ملیار و 919 ملیۆن و 63 هەزار دینار
 
داهاتە نەوتییەکان:
 
117 تریلیۆن و 252 ملیار و 500 ملیۆن دینار
 
کورتهێنان:
 
64 تریلیۆن و 422 ملیار و 242 ملیۆن دینار
 
شەوی چوارشەممە، 1-11-2023، د. نەبیل مەرسوومی، شارەزای ئابووری و مامۆستای زانکۆی بەسرا، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەم ساڵ داهاتەکانی عێراق زۆر لەوە زیاتر دەبن کە لە یاسای بودجەی 2023دا هاتووە، چونکە بەهای بەرمیلی نەوت نزیکەی 15 دۆلار زیاترە لەوەی لە یاسای بودجە پێشبینیکراوە، جگە لەوەش بڕێکی زۆر کەمی پارەی وەبەرهێنانی خەرجکردووە. بۆیە ئەم ساڵ پێشبینیی دەکەم هیچ کورتهێنانێک لە بودجەدا نەبێت."
 
داهاتەکانی عێراق بەپێی مانگەکانی ساڵی 2023 بەمشێوەیە بوون:
 
- کانوونی دووەم: حەوت ملیار و 660 ملیۆن دۆلار
 
- شوبات: حەوت ملیار و 60 ملیۆن دۆلار
 
- ئادار: حەوت ملیار و 500 ملیۆن دۆلار 
 
- نیسان: حەوت ملیار و 690 ملیۆن دۆلار
 
- ئایار: حەوت ملیار و 320 ملیۆن دۆلار  
 
- حوزەیران: حەوت ملیار و 110 ملیۆن دۆلار 
 
- تەممووز: هەشت ملیار و 330 ملیۆن دۆلار 
 
- ئاب: هەشت ملیار و 990 ملیۆن دۆلار 
 
- ئەیلوول: نۆ ملیار و 490 ملیۆن دۆلار 
 
- تشرینی یەکەم: نۆ ملیار و 593 ملیۆن دۆلار