خەمیس خەنجەر: دەبێت لێکۆڵینەوەیەکى شەفاف و خێرا لە هێرشەکەى سەر کۆرمۆر بکرێت

رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکى هاوپەیمانى سەروەرى سەرکۆنەى هێرشەکەى سەر کێڵگەى کۆرمۆری کرد و بە کارى تیرۆریستى ناوى برد، و داواى کرد لێکۆڵینەوەیەکى خێرا و شەفافانەی لەبارەوە بکرێت.
 
27ی تشرینی دووەمی 2025، خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانیی سەروەری راگەیێندراوێکی لەبارەی هێرشکردنە سەر کێڵگەی کۆرمۆر بڵاوکردەوە.
 
خەمیس خەنجەر، ئەو هێرشەی بە تیرۆریستی ناوبردووە و دەڵێت: "ئەو هێرشە پێویستی بە لێکۆڵینەوەیەکی خێرا و شەفافە، کە بە راشکاوانە ئەو لایەنانە ئاشکرا بکات لە پشت ئەو کارە تیرۆریستییەوەن و رێکار لە دژی ئەو کەسانە بگیرێتەبەر کە لەو هێرشەوە گلاون، لایەنگری هەر کوێ بن و لە هەر لایەنێکەوە پاڵپشتی بکرێن".
 
شەوی چوارشەممە 26ی تشرینی دووەمی 2025، هێرش کرایە سەر کێڵگەی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ و بەهۆیەوە ئاگر لە کۆگەیەکی گەورەی کێڵگەکە کەوتەوە.
 
خەمیس خەنجەر دەڵێت: "هەمیشە داوامان دەکرد دۆسیەی میلیشیاکان کۆتایی پێ بهێنرێت، چەندینجار لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا جەختمان لەسەر مەترسییان دەکردەوە لەسەر سەقامگیری و ئاسایش و ئابووریی عێراق و پەیوەندییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانى، کێڵگەکانی نەوت و گاز لەلایەن ئەو میلیشیایانەوە بەگوێرەی بەرژەوەندیی خۆیان و بەکارهێنەرانیان بۆردومان دەکرێن. ئێمە هەموو رۆژێک بۆردوومان دەکرێین لە پشتێنەی بەغدا، لە سەلاحەدین و نەینەوا و باکووری بابل، رۆژهەڵاتی ئەنبار و دیالە لە رێگەی دەستگرتن بەسەر زەوی و موڵک و کێڵگە و ماڵەکان و خەڵکەکەی لێ دەردەکرێت و گۆڕانکاریی دیمۆگرافیی تێدا دەکرێت".
 
سەرۆکی هاوپەیمانیی سەروەری رایگەیاند: هەموو ئەو هەڵسوکەوتانە کاری سەربازین کە بە رێگەی جیاواز دەکرێن، جارێک بە مووشەک و درۆن، جارێکی دیکە بە تفەنگ و دەمانچەی بێدەنگ، هەندێک جاری دیکەش بە سیاسەتی جیاکاری و تایفی.
 
خەمیس خەنجەر گوتی: "پێم وایە کە گەیشتووینەتە قۆناخێکی شەرمەزارکەر کە پێویستە دۆسیەی میلیشیاکان بەگوێرەی بڕیارێکی نیشتمانیی کۆدەنگ چارەسەر بکرێت، کە بڕوای بە دەوڵەت و دامەزراوەکان هەبێت، نەک بە چەکی گرووپێکی وابەستەی دەرەوە".