پەرلەمانتارێکی دەوڵەتی یاسا: سەرۆکی پەرلەمان لە پارتەکەی حەلبووسی دەبێت

رووداو دیجیتاڵ 

پەرلەمانتارێکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا رایدەگەیێنێت، هەر لایەنێک زۆرینەی نێو سوننەکان بێت، پێویستە سەرۆکی پەرلەمان لەو لایەنە بێت، بەپێی دوایین هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانیش، هاوپەیمانی تەقەدووم بە سەرۆکایەتیی محەممەد حەلبووسی زۆرینەی کورسییەکانی بەدەستهێناوە.
 
زرغام مالیکی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتیی نووری مالیکی، رۆژی چوارشەممە، 27-12-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوای دەستپێکردنەوەی وەرزی نوێی پەرلەمان، سەرۆکی نوێی پەرلەمانی عێراق هەڵدەبژێردرێت، چاوەڕێ دەکەن نێو ماڵی سوننەکان لەسەر بەربژێرێکی دیاریکراو رێکبکەون، تاوەکو لایەنەکانیش دەنگی بۆ بدەن.  
 
پەرلەمانتارەکەی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا گوتی، "پێم وایە، چ لایەنێک زۆرینەی نێو سوننەکان بێت، پێویستە سەرۆکی پەرلەمان لەو لایەنە هەڵبژێردرێت، بەپێی دوایین هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانیش، پارتی تەقەدووم بە سەرۆکایەتیی محەممەد حەلبووسی زۆرینەی کورسییەکانی بەدەستهێناوە، بەم شێوەیە بێت پێویستە سەرۆکی نوێی پەرلەمان بەربژێری هاوپەیمانی تەقەدووم بێت."
 
ئەوە لەکاتێکدایە، سائیر عەبدولکازم جبووری، پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتیی نووری مالیکی، رۆژی پێنجشەممە، 14-12-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دەوڵەتی یاسا و چوارچێوەی هاوئاهەنگی "شیعەکان"، پشتیوانی لە مەحموود مەشهەدانی دەکەن بۆ ئەوەی پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق وەربگرێت.
 
بەپێی زانیارییەکان، محەممەد حەلبووسی، هەوڵیداوە خۆی لە نووری مالیکی نزیک بکاتەوە، بۆ ئەوەی بە پشتیوانی مالیکی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان لە پارتی تەقەدووم بێت.
 
هاوپەیمانیی تەقدووم بە سەرۆکایەتیی محەممەد حەلبووسی، جەخت لەوە دەکاتەوە پۆستی سەرۆکی پەرلەمان پشک و شایستەی ئەوانە، بەڵام ئەو پەرلەمانتارەی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا دەڵێت، "وەک نەریت پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بۆ پێکهاتەی سوننەیە، بەڵام ئەو پۆستە موڵکی هیچ کەس و لایەنێک نییە تاوەکو بۆ خۆی قۆرخی بکات."
 
لەسەرەتای ئەم خولەی پەرلەمان، لە بەرامبەر محەممەد حەلبووسی، چوارچێوەی هاوئاهەنگی پشتیوانی لە مەحموود مەشهەدانی کرد بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان، بەڵام لە هەوڵەکانیدا سەرنەکەوت.
 
لە 14ى تشرینى دووەمى 2023، دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق کۆتایی بە ئەندامێتیی محەممەد حەلبووسی هێنا لە پەرلەمان، کە هاوکات سەرۆکى پەرلەمان بوو، بەهۆیەوە ئەو پۆستە لەو کاتەوە چۆڵە.
 
ئەو کەسەی دەچێتە شوێنی محەممەد حەلبووسی، دەبێت لە پێکهاتەی سوننە بێت، هەرچەندە فراکسیۆن و پارتە سوننەکان خۆیان لەسەر یەک بەربژێر یەکدەنگ نین.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، هەریەک لە موسەننا سامەرائیی، سالم عیساوی، خالید عوبەیدی، تەڵاڵ زەوبەعی، مەحموود مەشهەدانی، زیاد جەنابی، شەعلان کەریم، عەبدولکەریم عەبتان، موزاحیم خەیات بەنیازن خۆیان بەربژێر بکەن.
 
بەپێی پرەنسیپی "سازان، هاوسەنگی و هاوبەشی"، کە لەدوای رووخانی رژێمی پێشووی عێراقەوە پشتی پێدەبەسترێت بۆ پێکهێنانی کابینەکانی حکومەت و دابەشکردنی پۆستەکان، پۆستی سەرۆککۆمار بۆ کورد، سەرۆکی حکومەت بۆ شیعە، سەرۆکی پەرلەمان بۆ سوننەیە.
  
رۆژی 14ـی کانوونى یەکەمى 2023، دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق راڤەیەکى بۆ مادەى 55ـی دەستوورى عێراق بڵاوکردەوە، کە تایبەتە بە هەڵبژاردنى سەرۆکى پەرلەمان و دوو جێگرەکەى. ئەو داواکاریی راڤەکردنەش لەلایەن موحسین مەندەلاوى، جێگرى یەکەمى سەرۆکى پەرلەمانەوە ئاراستەى دادگەکە کرابوو.
 
دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق ئاماژەى بەوە کردووە، راڤەی بۆ ئەو مادەیە ئەوەیە کە لە بڕگەى سێى مادەى 12ـی پەیڕەوى نێوخۆى پەرلەماندا ئاماژە بە چارەسەرکردنى چۆڵبوونى پۆستى سەرۆکى پەرلەمان دراوە. 
 
ئەو بڕگەیە باس لەوە دەکات، ئەگەر پۆستى سەرۆکى پەرلەمان یان یەکێک لە جێگرانى بە هەر هۆکارێک چۆڵ بوو، پەرلەمان بە زۆرینەى رەها جێگرەوەیان بۆ دادەنێت لە یەکەم کۆبوونەوەدا کە دەیکات بۆ پڕکردنەوەى ئەو چۆڵبوونە، ئەوەش بە گوێرەى هاوسەنگى سیاسی لە نێوان فراکسیۆنەکاندا.
 
دادگەى باڵاى فیدراڵى ئاماژەى بەوەشداوە سەرۆکایەتیی پەرلەمان بۆى هەیە دەرگەى خۆ بەربژێرکردن تەنیا بۆ ئەو دانیشتنە بکاتەوە کە سەرۆکى پەرلەمانى تێدا هەڵدەبژێردرێت بۆ یەکلاکردنەوەى پرسی هەڵبژاردنى سەرۆکى پەرلەمان لەکاتێکى گونجاودا و درێژنەکرێتەوە و ناشکرێت هیچ خۆبەربژێرکردنێکى نوێ وەربگیرێت لەدواى ئەنجامدانى دەنگدان. 
 
لە راڤەکەى دادگەى فیدراڵیدا هاتووە، سەرۆکى پەرلەمان بە دەنگى زۆرینەى رەها هەڵدەبژێردرێت لەو کۆبوونەوەیەى بەربژێرکردنەکە رادەگەیێندرێت یان لە کۆبوونەوەکانى دواتر لە نێو ئەو پەرلەمانتارانەى لە کۆبوونەوەیەکى یەکەمدا خۆیان بەربژێر کردووە، جگە لەوانەى کە لە خۆ بەربژێریکردن دەکشێنەوە.
 
دارا سێکانیانى، ئەندامى لیژنەى یاسایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "بە گوێرەى پەیڕەوى ناوخۆ، سەرۆکى پەرلەمان بەدەنگى نیوە کۆ یەکى ئەو ئەندامانە هەڵدەبژێردرێت کە لە کۆبوونەوەکە ئامادەن لە دواى ئامادەبوونى رێژەى یاسایی پەرلەمانتاران."
 
بۆ کۆبوونەوەى هەڵبژاردنى سەرۆکى پەرلەمان پێویستە نیوە کۆیەکى ئەندامانى پەرلەمان ئامادەبن، واتە زیاتر لە 165 پەرلەمانتار.
 
دادگەى فیدراڵى لە راڤەکەیدا رایگەیاندووە، دەبێت پەرلەمان بەردەوام بێت لەکارەکانى لەو وەرزى یاسادانانەدا، کۆبوونەوەکانى بەسەرۆکایەتیی یەکێک لە دوو جێگرەکەى بکات تاوەکو سەرۆکى نوێ هەڵدەبژێردرێت و ناشبێت هەڵنەبژاردنى سەرۆکێکى نوێ پاساو بێت بۆ پەککەوتنى کارى پەرلەمان.
 
بڕیار بوو رۆژى چوارشەممە، 13ـی کانوونى یەکەمی 2023، پەرلەمان کۆببێتەوە بۆ هەڵبژاردنى سەرۆکى پەرلەمان، بەڵام ئەو کۆبوونەوەیە بۆ کاتێکى نادیار دواخرا.