بەغدا لێژنەیەک بۆ سەرژمێریکردنى ئاوارەکان پێکدەهێنێت

 رووداو دیجیتاڵ
 
ئەنجوومەنى وەزارى ئاسایشى نیشتمانیى عێراق بڕیاریدا لێژنەیەک پێکبهێنێت بۆ سەرژمێریکردنى ئاوارەکان "بە مەبەستى هاوکاریکردنیان."
 
27ى کانوونى یەکەمى 2023، ئەنجوومەنى وەزارى ئاسایشى نیشتمانیى عێراق بە سەرۆکایەتى محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیران و فەرماندەى گشتیى هێزە چەکدارەکان کۆبووەوە.
 
لیوا یەحیا رەسوڵ، گوتەبێژى فەرماندەى گشتیى هێزە چەکدارەکانى عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیاردراوە لێژنەیەک پێکبهێندرێت بۆ سەرژمێری ئاوارەکان بەشێوەیەکى ورد تاوەکو بتواندرێت هاوکارى پێویستیان پێشکێش بکرێت.
 
 لێژنەکە لە نوێنەرانى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەران، ناوخۆ، دەزگاکانى هەواڵگریى نیشتیمانى و ئاسایشى نیشتمانى پێکدێن.
                 
پێشتر لە 28ـی تشرینى دووەمى 2023، عەلى جیهانگیر، بەڕێوەبەرى لقەکان لە وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاندبوو، "مانگى کانوونى یەکەم رووپێوییەک لەنێو ئاوارەکان دەکرێت بە ئاوارەکانى هەرێمى کوردستانیشەوە. رووپێوییەکە بۆ نوێکردنەوەى زانیارییەکانە لەبارەیانەوە لەوانە؛ ناو، ژمارە و  پێداویستەکانیان."
 
بەگوێرەى ئامارەکانى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق، 150 هەزار خێزانی ئاوارە لە عێراقدا هەن، کە زیاتر لە 100 هەزاریان لە هەرێمى کوردستانن.