وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق دەنگۆی هاوردەکردنی 'کا' بە بەهای ملیارێک دۆلار رەتدەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە باس لە هاوردەکردنی کا لە بەرازیلەوە بە بەهای 1.3 ملیار دۆلار دەکەن و رایدەگەیێنێت، ئەو بڕە پارەیە تێچووی چەندین بەرهەمی دیکە بووە.
رۆژی شەممە، 27-12-2025، وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق لە راگەیێندراوێکدا وەڵامی ئەو دەنگۆیانەی دایەوە کە لە هەندێک میدیا و پلاتفۆرمی سۆشیاڵ میدیا بڵاوبوونەتەوە لەبارەی هاوردەکردنی کا لە بەرازیلەوە لە ساڵی 2025دا بە تێچووی 1.3 ملیار دۆلار.
وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێ، ئەو بڕە پارەیەی باس دەکرێ تەنیا بۆ هاوردەکردنی کا نەبووە، "بەڵکو کۆی تێچووی چەندین بەرهەمی جیاواز بووە کە عێراق لە بەرازیلی کڕیوە، لەوانە شەکر، گۆشتی مریشک، سۆیا و مەڕو ماڵات."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئەو هەواڵانەی بڵاوکراونەتەوە "دژبەیەکییەکی روون لەنێوان ناونیشان و نێوەڕۆکیاندا هەیە" و ئەو ئامارانەی باس دەکرێن نادروستن.
بەپێی داتاکانی کۆمەڵەی پرۆتینی ئاژەڵی بەرازیلی (ABPA)، عێراق لە ریزی دیارترین ئەو وڵاتانەدایە کە ساڵانە مریشکی بەرازیلی هاوردە دەکەن، بە تێکڕای 179 هەزار تۆن لە ساڵێکدا.