چوارچێوەی هاوئاهەنگی کۆدەبێتەوە؛ یەکلاییکردنەوەی پۆستی سەرۆکوەزیران بە "سازان یان دەنگدان" دەبێت
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ چوارچێوەی هاوئاهەنگی کۆبوونەوەیەک دەکات و چاوەڕوان دەکرێ پرسی پۆستی سەرۆکوەزیران و جێگری سەرۆکی پەرلەمان یەکلایی بکاتەوە. ئەندامێکی چوارچێوەکە دەڵێ: "بڕیاری گرنگ و گرنگ دەدرێ". ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی رەوتی حیکمەش ئاماژە بەوە دەکات، دەبێت بە سازان و رێککەوتن یان بە دەنگدان کەسێک یەکلایی بکرێتەوە.
ئەمڕۆ شەممە، 27ی کانوونی یەکەمی 2025، سەرچاوەیەکی باڵا لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئێوارەی ئەمڕۆ وەک چوارچێوەی هاوئاهەنگی کۆدەبینەوە بۆ تاوتوێکردن و یەکلاییکردنەوەی هەردوو دۆسیەی پۆستی سەرۆکوەزیران و جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان."
سەرچاوەکە گوتی: "کۆبوونەوەکە پێشوەختەیە و بە ئەگەری زۆرەوە بڕیاری گەورەی تێدا دەدرێ، چونکە ئامانجمان ئەوەیە لە چوارچێوەی گفتوگۆ سیاسییەکاندا بگەینە رێککەوتنی کۆتایی."
ئەو سەرچاوەی رووداو باسی لەوە کرد کە "یەکێک لە بەهێزترین بەربژێرانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمان ئەحمەد ئەسەدی، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراقە".
هاوکات زەهرا کازم، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی رەوتی حیکمەی نیشتمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "چوارچێوەی هاوئاهەنگی چەند رێگەیەکی لەبەردەمە بۆ یەکلاییکردنەوەی پۆستی سەرۆکوەزیران. دەبێت نووری مالیکی، محەممەد شیاع سوودانی و حەیدەر عەبادی لەنێو خۆیاندا کەسێکیان هەڵبژێرن یان بەرپرسەکانی چوارچێوەکە لەو بەربژێرانەی دیکە کە هەن لەسەر یەکێکیان رێکبکەون."
بە گوتەی زەهرا کازم، پێنج لەو بەربژێرانەی دیکە کە ماون بریتین لە حەمید شەتری، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری؛ عەلی شوکری، وەزیری پێشووی پلاندانان؛ عەبدولحوسێن عەبتان، سیاسەتڤان و پەرلەمانتاری پێشوو؛ محمد دەڕاجی، راوێژکاری سەرۆکوەزیران و باسم بەدری، سەرۆکی دەستەی لێپرسینەوە و دادگەری.
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی رەوتی حیکمە گوتی: "دوایین رێگەی بەردەم چوارچێوەی هاوئاهەنگی ئەوەیە، ئەگەر بە رێککەوتن و سازان کەسێک هەڵنەبژێردرا، ئەوا پەنا دەبرێتە بەر دەنگدان لەنێوخۆی چوارچێوەکەدا و کەسێک یەکلایی دەکرێتەوە."
لیستە شیعەکان لە هەڵبژاردنی 11ی تشرینی دووەمی پەرلەمانی عێراق زیاتر لە 180 کورسییان بەدەستهێنا و گەورەترین فراکسیۆنیان بۆ پێکهێنانی حکومەت پێکهێناوە، بەڵام تاوەکو ئێستا لەسەر بەربژێریان بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی نوێ رێکنەکەوتوون.
هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە 17ی تشرینی دووەم دوو لیژنەی پێکهێنا. یەکێکیان بۆ یەکلاییکردنەوەی بەربژێری سەرۆکوەزیرانی داهاتوو و ئەوی دیکەیان بۆ دانوستاندن لەگەڵ لایەنەکانی دیکە لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی نوێ.