لویس ساکۆ داوا لە موقتەدا سەدر دەکات روونکردنەوەیەک بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە بڵاوبکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
لویس ساکۆ داوا لە موقتەدا سەدر دەکات روونکردنەوەیەک بڵاوبکاتەوە بۆ "هێورکردنەوەی دۆخەکە"، ئەمەش دوای ئەو مشتومڕەی لەبارەی دەستەواژەی "ئاساییکردنەوە" لە گوتارێکی ساکۆدا دروستبوو.
رۆژی شەممە، 27-12-2025، کاردیناڵ لویس ساکۆ، پاتریارکی کلدانەکان لە عێراق و جیهان لە نامەیەکدا کە ئاراستەی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعەی کردووە دەڵێت، "بە داخەوە ئاگاداری ئەو دەنگۆیانە بووم لەسەر گوتارەکەم لە شەوی لەدایکبوونی مەسیح دروستکراون، زۆر نیگەرانم کە قسەکانم لە چوارچێوە راستەقینەکەی خۆیان دەرهێنراون."
ساکۆ لە نامەکەیدا بۆ سەدر جەختی کردووەتەوە، "دەمەوێت بۆ جەنابتان و تەواوی گەلی عێراق دووپاتی بکەمەوە کە من بە هیچ شێوەیەک ئاماژەم بە هیچ جۆرە ئاساییکردنەوەیەکی سیاسی لەگەڵ قەوارەی زایۆنی نەکردووە، چونکە بە تەواوی درک بە هەستیاری و لێکەوتەکانی ئەم بابەتە دەکەم."
پاتریارکی کلدانەکان داوای لە موقتەدا سەدر کردووە، لەپێناو یەکڕیزیی نیشتمانی و پاراستنی سەقامگیریی کۆمەڵایەتی، روونکردنەوەیەک بدات بۆ ئەوەی "دەرفەت بەو کەسانە نەدرێت کە دەیانەوێت یاری بە ئاسایشی عێراقەوە بکەن."
لویس ساکۆ ئاماژەی بەوە کردووە، لە کۆڕ و کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکانی وەک ئەنجوومەنی ئاسایش و پەرلەمانی ئەورووپا هەمیشە بەرگری لە عێراق کردووە و جەختی کردووەتەوە "داعش نوێنەرایەتیی ئیسلام ناکات." هەروەها گوتیشی، "کەنیسە چەندین جار ئاهەنگەکانی خۆی هەڵوەشاندووەتەوە وەک رێزێک بۆ مانگی ڕەمزان و یادی عاشوورا."
کێشەکە دوای گوتارەکەی ساکۆ لە قەداسی شەوی کریسمس لە کەنیسەی مار یوسف لە بەغدا دەستیپێکرد، کاتێک رووی دەمی کردە سوودانی و گوتی: "جەنابی سەرۆکوەزیران، قسە لەسەر ئاساییکردنەوە هەیە، من هیوادارم حکومەتی نوێ کار بکات بۆ ئەوەی ئاساییکردنەوە لەنێو عێراق و لەگەڵ عێراقدا بێت."
دوای ئەو گوتارە، موقتەدا سەدر داوای لە لایەنە فەرمییەکان کرد "دەستبەجێ" ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن و جەختی کردەوە کە ئاساییکردنەوە تاوانێکە و یاسای عێراقی سزای لەسەر داناوە.
دواتر ساکۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "من داوای ئاساییکردنەوەی سیاسیم نەکردووە و هیچ رێککەوتنێکم لەگەڵ ئیسرائیل واژۆ نەکردووە، بەڵکو داوای ئاساییکردنەوەم لەپێناو عێراقدا کردووە."