سوننەکان لە دیاریکردنی سەرۆکی پەرلەمان ناکۆکن؛ "پارتی و شیعەکان حەلبووسییان ناوێ''
رووداو دیجیتاڵ
سوننەکان لەسەر دیاریکردنی بەربژێرێک بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان رێکنەکەوتوون و ناکۆکیشیان هەیە. سەرکردەیەکی عەزم دەڵێت، "چوارچێوەی هاوئاهەنگی و پارتی حەلبووسییان ناوێت." کەسایەتییەکی نزیکی حەلبووسیش دووپاتی دەکاتەوە، "تاکە بەربژێرمان حەلبووسییە."
رۆژی شەممە، 27ـی کانوونی یەکەمی 2025، محەممەد دەحام، ئەندامی سەرکردایەتیی عەزم و یەکێک لە رێگەپێدراوانی لایەنە سوننەکان بۆ لێدواندان بۆ میدیا، بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، "تاوەکو ئێستا پرسی دیاریکردنی بەربژێری سەرۆکی پەرلەمان یەکلایی نەبووەتەوە، دەرفەتی بەردەممان کەمە و دەبێت پێش 29ی ئەم مانگە بابەتە یەکلایی بکرێتەوە و ئەگەرێک هەیە کە ئەمڕۆ دانیشتنی ئەنجوومەنی سیاسی بکرێت."
گوتیشی، "ئەنجوومەنی سیاسی هاوڕان لەسەر ئەوەی دەبێت بە دوو بەربژێرەوە بچینە پەرلەمان، یەکێکیان موسەننا سامەڕاییە و لەوێ بە دەنگدان پرسەکە یەکلایی بکرێتەوە."
بە گوتەی دەحام، "لەناو تەقەدووم هەوڵ و دەنگۆیەک هەیە کە محەممەد حەلبووسی لە بەربژێربوون بکشێننەوە و کەسێکی دیکە بخرێتە شوێنەکەی."
ئەنجوومەنی سیاسیی سوننەکان لە پارتەکانی تەقەدووم و جەماوەری نیشتمانی، هاوپەیمانێتییەکانی سەروەری، عەزم و حەسم پێکدێت و زیاتر لە 70 کورسییان لە پەرلەمانی عێراق هەیە، لە سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراقدا داوای پۆستی سەرۆکی پەرلەمان دەکەن.
وەلید فەهداوی، ئەندامی سەرکردایەتیی عەزم بە رووداوی گوت، "نە چوارچێوەی هاوئاهەنگی و نە سەرۆک بارزانی بە بەربژێربوونی حەلبووسی رازی نین."
فەهداوی ئاماژەی بەوەش کرد، "موسەننا سامەڕایی پەیوەندییەکی پتەوی لەگەڵ سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی هەیە و دڵنیاین کە ئەوان دەنگی پێدەدەن، هەروەها برادەرانی چوارچێوەی هاوئاهەنگیش پشتیوانی لە سامەڕایی دەکەن."
لە بەرامبەردا، ئەنوەر عەلوانی، ئەندامی سەرکردایەتیی تەقەدووم و کەسایەتی نزیکی حەلبووسی بە رووداوی راگەیاند، "تەواوی ئەو دەنگۆیانەی باسی گۆڕینی بەڕێز حەلبووسی دەکەن بە کەسێکی دیکە دوورن لە راستییەوە، بەڕێز محەممەد تەمیم جێگری سەرۆکە و خۆیشی ئەوەی راگەیاندووە کە بەربژێر نابێت."
ئەو سەرکردەیەی تەقەدووم دەڵێت، "دیارنییە و یەکلایی نەبووەتەوە کە تەنیا بەربژێرێک دەڕواتە پەرلەمان یان دوو، بەڵام تاکە بەربژێری ئێمە بەڕێز حەلبووسییە و ئەوە نەگۆڕە."
بەگوێرەی زانیاریی رووداو، رێککەوتنی بەرایی نێوان لایەنە سوننەکان بۆ دابەشکردنی پۆستەکان وایە، لەسەر بنەمای خاڵ بێت، کە پشتی بەستووە بە ژمارەی کورسیی هەر یەک لەو لایەنانە.
رێککەوتنەکە وایە، پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بەر یەکێک لە لایەنەکانی تەقەدووم و عەزم بکەوێت؛ ئەگەر هاوپەیمانیی تەقەدووم پۆستی سەرۆکی پەرلەمان وەربگرێت، پشکی لە وەزارەتەکانی حکومەتی داهاتوو یەک وەزارەت دەبێت و ئەگەر ئەو پۆستەی نەبێت دوو وەزارەت وەردەگرێت. ئەگەر سەرۆکی پەرلەمانیش بدرێتە هاوپەیمانیی عەزم، وەزارەتێکیش وەردەگرن بەبێ وەزارەتی سیادی کە بۆ تەقەدووم دەبێت.
سوننەکان داوای شەش وەزارەت لە حکومەتی داهاتووی عێراق دەکەن کە بەسەر لایەنە براوەکاندا دابەش بکرێت، هەریەک لە هاوپەیمانییەکانی سەروەری و حەسم یەکی وەزارەتێکیان پێدەدرێت.