دادگەی فیدراڵی لەبارەی سکاڵاکانی داخستنی ماڵپەڕە سێکسییەکان کۆدەبێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

دادگەی فیدڕاڵیی عێراق بۆ تاوتوێکردنی دوو سکاڵا کۆدەبێتەوە کە بۆ داخستنی ماڵپەڕە سێکسییەکان پێشکێش کراون. سکاڵاکان دژی چوار بەرپرسی باڵای عێراق تۆمار کراون، لەنێویاندا سەرۆکوەزیران.
 
بەگوێرەی خشتەی کۆبوونەوەکانی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق، بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە 28-01-2024 دادگە بۆ تاوتوێکردنی پێنج سکاڵا کۆببێتەوە، کە سەرجەمیان پەیوەندییان بە وەزارەتی گەیاندنەوە هەیە، لە دوو لە سکاڵاکاندا سکاڵاکاران داوایان کردووە ماڵپەڕە سێکسییەکان لە عێراق قەدەخە بکرێن و دابخرێن.
 
سکاڵایەکیان لەلایەن پەرلەمانتار سعود ساعیدی، سەرۆکی فراکسیۆنی حقوقی کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراقییەوە پێشکێش کراوە، کە لە دژی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق؛ سەرۆکی پەرلەمان و وەزیری گەیاندن تۆماری کردووە و داوای کردووە، پەرلەمانی عێراق یاسایەک دەربکات سزای جەستەیی و دارایی تووند بەسەر ئەو کەسانەدا بسەپێنێت کە فیلم و وێنە لە ماڵپەڕە سێکسییەکان بڵاودەکەنەوە، یان ئەو بەرنامانە بەکاردەهێنن، کە راگرتن و بلۆکی سەر ماڵپەڕەکان دەشکێنێت.
 
سکاڵای دووەمیشیان لەلایەن پەرلەمانتار باسم خەشانەوە لە دژی وەزیری گەیاندن و سەرۆکی دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق تۆمارکراوە و داوایکردووە، ئەو شتانە قەدەخە بکرێن کە لەگەڵ بەها و رەوشتەکانی کۆمەڵگەی عێراق ناگونجێن.
 
محەممەد سعێدی، پارێزەر لە پارێزگای بەسرە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەو سکاڵایانە لەگەڵ ئەوەی لایەنی باشی هەیە، لایەنی نەرێنیشی هەیە، لایەنی باشی ئەوەیە دەبێت سنووردار بکرێن، چونکە دژ بە رەوشتە باوەکانی کۆمەڵگەن، لایەنی نەرێنیشی ئەوەیە هەموو قەدەخەکراوێک خەڵک زیاتر رووی تێدەکات، بۆیە ئەگەر قەدەخە بکرێت ئەو بابەتە زیاتر برەوی پێدەدرێت."
 
ئەو پارێزەرە گوتیشی، "بابەتی تەماشاکردنی ماڵپەڕەکان بەپێی دەستووری عێراق هیچ کێشەیەکی نییە، هیچ دەقێکی یاسایی نییە ئەو ئازادییە لە کەس وەربگرێتەوە، چونکە ئەگەر قەدەخە بکرێت دەچێتە چوارچێوەی بەرتەسککردنەوەی ئازادی تاکەکەسی."
 
رۆژی 14ى کانوونى یەکەمى 2023، دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق لەسەر داوای سکاڵاکاری دووەم کە داوایکردبوو بەشێوەی کاتی ماڵپەڕە سێکسییەکان دابخرێت تا ئەو کاتەی دادگە لەسەر سکاڵاکەی بڕیاری کۆتایی دەدات، بڕیاری داخستنی ماڵپەڕە سێکسییەکانی بەشێوەی کاتی دەرکرد.