وەزارەتی گەیاندنی عێراق بۆ رووداو: تەنیا 25%ی هاووڵاتییان ئینتەرنێتی فایبەر ئۆپتیکیان هەیە

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی گەیاندنی عێراق پلانێکی نوێ بۆ باشترکردنی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت و کاراکردنی نەوەی پێنجەم (5G) رادەگەیێنێت. بریکاری وەزارەتەکە دان بەوەدا دەنێت کە هاوئاهەنگییان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە ئاستی پێویستدا نییە و دەڵێ، "تەنیا چواریەکی عێراقییەکان خزمەتگوزاریی فایبەر ئۆپتیک بەدەستیان گەیشتووە."
 
بوراق عەبدولقادر، بریکاری وەزارەتی گەیاندنی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "وەزارەت کار بۆ بەهێزکردنی ژێرخانی دیجیتاڵی دەکات لە رێگەی پەرەپێدانی سەنتەری داتا و خاڵەکانی ئاڵوگۆڕی ئینتەرنێت لەنێو عێراق."
 
سەبارەت بە پڕۆژەی گەیاندنی کێبڵی (FTTH) بۆ ماڵان، بریکاری وەزارەتی گەیاندن گوتی، تاوەکو ئێستا سوودمەندبوونی هاووڵاتییان لەم خزمەتگوزارییە لە 25% تێپەڕ ناکات. گوتیشی، "سیستمی وای فای تەکنەلۆژیایەکی کۆن و سنووردارە و لەگەڵ پێداویستییەکانی سەردەم ناگونجێت، بۆیە کار دەکەین بۆ فراوانکردنی پڕۆژەکانی FTTH بە شێوەیەک هەموو ئەو یەکە نیشتەجێبوونانە بگرێتەوە کە لە سەرژمێری و ئامارەکاندا تۆمارکراون."
 
بوراق عەبدولقادر ئاماژەی بەوەش کرد، ئامارەکان دەریانخستووە پێویستییان بە هێڵی زیاترە لەوەی ئێستا گرێبەستی بۆ کراوە، هەرچەندە پڕۆژەکە کاتی دەوێ، بەڵام وەزارەت خێرایی کارەکانی زیاد کردووە.
 
نەوەی پێنجەم (5G)
 
سەبارەت بە کاراکردنی خزمەتگوزاریی نەوەی پێنجەم، بریکاری وەزارەت باسی لەوە کرد کە ئەم بابەتە یەکێک دەبێت لە کارە لەپێشینەکانی حکومەتی داهاتوو و دەڵێت، "چاوەڕوان دەکرێ لە کارنامەی حکومەتی داهاتوودا بایەخێکی تایبەت بە خزمەتگوزاریی نەوەی پێنجەم بدرێ و بە شێوەیەکی فراوان بخرێتە گەڕ."
 
هاوئاهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان
 
لەبارەی پرسی هاوئاهەنگیکردنیان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان، بریکاری وەزارەتی گەیاندنی عێراق دانی بەوەدا نا کە لەو بوارەدا کەموکوڕی هەیە و گوتی، "جۆرێک لە لاوازی لە هاوئاهەنگی لەنێوان ئێمە و وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان هەیە."
 
هەروەها گوتی، وەزارەتەکەی دەیەوێ کار لەسەر بەهێزکردنی ئەو پەیوەندییانە بکات و رایگەیاند، "زۆر گرنگە هەرێمی کوردستان رۆڵی هەبێت لە نەخشەی گەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق. ئێمەش هەوڵ دەدەین ئەو هاوئاهەنگی و پێکەوەبەستنە زیاتر بکەین."