کەتائیبی ئیمام عەلی: تۆمەتبارکردنی نووری مالیکی بە تووندڕۆیی ستەمێکی گەورەیە

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمینداری گشتیی کەتائیبی ئیمام عەلی لە کاردانەوەی هەڵوێستی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بەرامبەر نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، دەڵێت، تۆمەتبارکردنی نووری مالیکی بە تووندڕۆیی ستەمێکی گەورەیە.
 
شبل زەیدی، ئەمینداری گشتیی کەتائیبی ئیمام عەلی و یەکێک لە سەرکردەکانی نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی، بەرگری لە نووری مالیکی، بەربژێری چوارچێوەکە دەکات و دەڵێت، تۆمەتبارکردنی مالیکی بە تووندڕۆیی و دروستکردنی پشێوی "ستەمێکی گەورە و چەواشەکردنی رای گشتییە."
 
زەیدی بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 28-01-2026 لە پەیامێکدا کە لە هەژماری ئێکسی خۆی بڵاویکردووەتەوە، ئاماژە بەوە دەکات کە پرسی دروستبوونی داعش پەیوەندی بە ئەمریکاوە هەیە و دەڵێت، "سەرۆکی ئێستای ئەمریکا دەڵێت: داعش دروستکراوی ئەمریکییە و لەلایەن ئۆباما، بایدن و هیلاری کلینتۆنەوە دروستکراوە."
 
سەبارەت بە بنەماکانی سیستمی سیاسی لە عێراق، شبل زەیدی دەڵێت، "دابەشکاریی نەتەوەیی و تائیفی لەلایەن پۆڵ برێمەرەوە و لە رێگەی چەسپاندنی سیستمی پشکپشکێنە لە ئەنجوومەنی حوکمدا داهێنرا کە تاوەکو ئێستاش عێراق بەدەست لێکەوتەکانی ئەو سیستمەوە دەناڵێنێت."
 
ئەو سەرکردەیەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی باس لەوە دەکات، لەو کاتەی عێراق کەوتبووە نێو "پیلانگێڕیی شەڕی تائیفی،" نووری مالیکی "سیمبوولی پیاوی دەوڵەت و میانڕۆیی بوو و یەکێکە لە بونیاتنەرانی گرنگی دەوڵەتی نوێی عێراق و کۆڵەکەیەکی پرۆسەی سیاسییە."
 
زەیدی پەیامەکەی بە پەندێک کۆتایی پێدەهێنێت و دەڵێت، "تۆمەتەکەی خۆی خستە پاڵ من و خۆی لێ دەرچوو،" وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی ئەوانەی مالیکی تۆمەتبار دەکەن، خۆیان هۆکاری کێشەکانن.
 
هاوکات ئەیاد جەمالەدەین، یەکێک لە کەسایەتییە ئایینی و سیاسیە دیارەکانی شیعەکان، داوا خۆپێشاندانی ملیۆنی دەکات لە بەغدا و شارەکانی دیکەی عێراق دژی ئەوەی خۆی بە دەستوەردانی ئەمریکی لە کاروباری ناوخۆی عێراق ناوی دەبات؛ هەروەها داوای دەرکردنی باڵیۆزی قەتەر و پچڕانی هەموو پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەو وڵاتە دەکات.
 
درەنگانی شەوی رابردوو، پەیجی فەرمیی حیزبی دەعوەی ئیسلامی بە سەرۆکایەتی نووری مالیکی لە فەیسبووک، وێنەیەکی نووری مالیکی، ئەمینداری گشتیی حیزبەکەی دانا و لەگەڵیدا ئایەتێکی قورئانی پیرۆزی نووسیوە.
 
چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەکان بە زۆرینەی دەنگ، نووری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق بەربژێر کردووە. شەوی رابردوو دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاند، "دەبیستم کە وڵاتی گەورەی عێراق لەوانەیە بژاردەیەکی زۆر خراپ بکات بە دووبارە دانانەوەی نووری مالیکی وەک سەرۆکوەزیران."
 
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بە سەردەمی دەسەڵاتی پێشووی مالیکی کرد و گوتی، "دوایین جار مالیکی لە دەسەڵاتدا بوو، وڵاتەکە تێکەوتە نێو هەژاری و پاشاگەردانییەکی تەواو. نابێت رێگە بدرێت ئەوە دووبارە ببێتەوە."
 
دۆناڵد ترەمپ هۆشداریی تووند دەدات، "بەهۆی سیاسەت و ئایدۆلۆژیا شێتانەکانییەوە، ئەگەر هەڵبژێردرێتەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا چیتر یارمەتیی عێراق نادات و، ئەگەر ئێمە لەوێ نەبین بۆ یارمەتیدان، عێراق هیچ شانسێکی بۆ سەرکەوتن، گەشەسەندن یان ئازادی نابێت."
 
لە کۆتاییدا ترەمپ بە درووشمەکەی خۆی پەیامەکەی کۆتایی پێدەهێنێت و دەنووسێت: "عێراق دووبارە مەزن بکەنەوە."