سوودانی: تاوەکو ساڵی 2028 کۆتایی بە سووتاندنی گازی هاوەڵ دەهێنین
رووداو دیجیتاڵ
محەممەد شیاع سوودانی دەڵێت، 132 ملیۆن پێ سێجا گازیان هەیە و سوود لە 74%ی سامانی گاز دەبینن. ئاماژە بەوەش دەکات، کار دەکەن بۆ بەرهەمهێنانی 7 هەزار و 500 مێگاوات کارەبا لە رێگەی وزەی خۆرەوە.
رۆژی چوارشەممە، 28ـی کانوونی دووەمی 2026، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کاتی کردنەوەی کۆنفرانسی وزەی (عێراق 2026) لە بەغدا رایگەیاند، عێراق کاردەکات بۆ ئەوەی تاوەکو ساڵی 2030 نزیکەی 40%ی هەناردەی نەوتەکەی بە شێوەی بەرهەمی پاڵاوگەکان بێت "کە بەهایەکی ئابووریی زۆر بەرزتری هەیە."
سوودانی گوتی، حکومەتەکەی هەنگاوی کردەیی ناوە بۆ کۆتاییهێنان بە هاوردەکردنی سووتەمەنی و ئێستا توانای پاڵاوگەکان بە هاوکاریی کەرتی تایبەت گەشەکردنێکی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە.
سەبارەت بە سامانی گاز، سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی، یەدەگی سەلمێنراوی گازی سرووشتیی وڵاتەکەی بۆ نزیکەی 132 ملیۆن پێ سێجا بەرزبووەتەوە و ئێستا عێراق سوود لە 74%ی سامانی گاز دەبینێت. گوتیشی، پڕۆسەی سووتاندنی گازی هاوەڵ کە زیانی گەورەی ژینگەیی هەیە، تاوەکو ساڵی 2028 بەتەواوی رادەگیرێ و هەموو ئەو گازە بۆ پێویستی ناوخۆ و پیشەسازی وەبەرهێنانی تێدا دەکرێ.
سوودانی تیشکی خستە سەر کەرتی کارەبا و رایگەیاند، بەرهەمهێنانی کارەبا لە عێراق گەیشتووەتە بەرزترین ئاست لە مێژوودا و نزیکەی 29 هەزار مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنرێ.
باسی لەوەش کرد، رێکارەکانی دروستکردنی وێستگەی نوێ بە توانای زیاتر لە 57 هەزار مێگاوات لەگەڵ کۆمپانیاکانی جێنەراڵ ئەلیکتریک و سیمنس تەواو بووە؛ هاوکات کاردەکەن بۆ بەرهەمهێنانی 7 هەزار و 500 مێگاوات کارەبا لە رێگەی وزەی خۆرەوە لە چوارچێوەی 15 پڕۆژەی جیاوازدا لە پارێزگاکان.
سەرۆکوەزیرانی عێراق هۆشداری دا لە تێکچوونی سەقامگیریی ناوچەکە و کاریگەرییە نەرێنییەکانی لەسەر بازاڕی وزە و رایگەیاند کە پەککەوتنی بازاڕی وزە زیان بە هەمووان دەگەیێنێت و هیچ لایەنێک تێیدا براوە نابێت.