مالیکی بۆ لایەنگرانی: رێز لە سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بگرن
رووداو دیجیتاڵ
نووری مالیکی، سەرۆکى هاوپەیمانیی دەوڵەتى یاسا لە رێگەی نووسینگەکەیەوە پەیامێک ئاراستەی لایەنگرانی دەکات و تێیدا داوا دەکات رێز لە سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بگرن.
ئەو پەیامە لەلایەن هوشام رویکابی، بەڕێوەبەری نووسینگەی راگەیاندنی نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بڵاوکرایەوە.
پەیامەکە بە ناوی نووری مالیکی بڵاوکراوەتەوە بۆ رۆژنامەڤانان و لایەنگرانی دەوڵەتی یاسا کراوە، تێیدا هاتووە: "بە قۆناخێکی هەستیاردا تێپەڕ دەبین کە پێویست دەکات هۆشیاری و بەرپرسیارێتیمان هەبێت. جیاوازی لە بۆچوون پاساو نییە بۆ بێڕێزیکردن؛ یەکڕیزی و رێزگرتن لە سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی گرنگییەکی نیشتمانییە بۆ پاراستنی پڕۆژەکە و خزمەتکردنی خەڵکەکەمان."
شەوی 27ی کانوونی دووەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دژی گەڕانەوەی نووری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق هۆشداری دا و گوتی، ئەگەر مالیکی هەڵبژێردرێتەوە، ئەوا "ئەمریکا چی دیکە یارمەتیی عێراق نادات."