لە پارێزگایەکی عێراق کۆکردنەوەی دۆمبەڵان قەدەخە دەکرێت
رووداو-هەولێر
لە پارێزگای ئەنباری عێراق، کۆکردنەوەی دۆمبەڵان لە هاووڵاتیان قەدەخە دەکرێت.
لیوا روکن قاسم محەممەد ساڵح فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی جەزیرە لە نووسراوێکدا بۆ هێزەکانی سەر بە فەرماندەییەکەی ناردووە، ئاماژەی بەوەکردووە، پاڵپشت بە نووسراوی ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار، بەهەموو شێوەیەک رێگانادرێت هاووڵاتیان بچنە بیابانەوە بۆ کۆکردنەوەی دۆمبەڵان.
وەک لە نووسراوەکەیدا هاتووە، بڕیارەکە بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتیان و دەرفەت نەدانە بە "تیرۆریستان" بۆ ئەنجامدانی کاری تیرۆریستی.
پێشتر لە سنووری پارێزگای ئەنبار ژمارەیەک هاووڵاتی لەکاتی کۆکردنەوەی دۆمبەڵان لەلایەن چەکدارانی داعشەوە رفێنران، دواتر تەرمەکانیان دۆزرایەوە و بەشێکی دیکەش تاوەکو ئێستا چارەنووسیان نادیارە.
دۆمبەڵان، ئەو خۆراکە سرووشتییەیە لە کۆتایی وەرزی زستان و سەرەتای وەرزی بەهار لە ژێر زەوی دەردەکەوێت، بەهای خۆراکی زۆرە، بۆیە هاووڵاتیان روودەکەنە دەشت و دەر بۆ کردنەوەی ئەو خۆراکە سرووشتییە و، نرخیشی لە بازاڕەکان بەرزە.