سەرکردەیەکی حەشدی دیفاع : ئەگەری هێرشکردنە سەر گرووپە چەکدارەکان لە عێراق 100%ـە


رووداو دیجیتاڵ

سەرکردەیەکی حەشدی دیفاع لە وەزارەتی بەرگریی عێراق دەڵێ، عێراق بووەتە بەشێک لەو دۆخەی ناوچەکەی گرتوەتەوە و دەڵێت: "ئەگەری هێرشکردنە سەر ئەو گرووپە چەکدارانەی لە دەرەوەی سیستمی ئەمنین، 100%ـە."
 
عەبدولرەحمان جەزائیری، سەرکردە لە حەشدی دیفاع لە وەزارەتی بەرگریی عێراق، ئەمڕۆ شەممە، 28ـی شوباتی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "عێراق بەشێکە لەو گرژی و جەنگەی ناوچەکەی گرتووەتەوە. ئەگەر هەیە لە هەر ئان و ساتێکدا هێرش بکرێتە سەر ئەو گرووپە چەکدارانەی خۆیان بە بەرەی موقاوەمە دەناسێنن و بە ئاشکرا پشتیوانی لە ئێران دەکەن و لە دەرەوەی سیستمی ئەمنی عێراقدان."
 
جەزائیری ئاماژەی بەوە کرد، ئەمریکا پێشتریش هۆشداریی داوەتە عێراق سەبارەت بەو گرووپانە و گوتی: "پێشتر سەرکردەکانی حەشدی شەعبی و گرووپە چەکدارەکان کراونەتە ئامانج، بۆیە ئێستا ئەگەری هێرشکردنە سەریان نەک 99% بەڵکو 100%ـە."
 
سەبارەت بە هەوڵەکانی بەغدا بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە، ئەو سەرکردەیەی حەشدی دیفاع گوتی: "حکومەتی عێراق و دیپلۆماسییەتی وڵات تەواوی هەوڵەکانیان خستووەتەگەڕ بۆ ئەوەی عێراق لەو جەنگە دوور بێت و تێوەنەگلێ."