حەشدی شەعبی لە بابل کرایە ئامانج و کوژراو و بریندار هەیە
رووداو دیجیتاڵ
بارەگای حەشدی شەعبی لە پارێزگای بابلی عێراق کرایە ئامانج و کوژراو و بریندار هەیە.
میدیاکانی نزیک لە حەشدی شەعبی بڵاویانکردەوە، بارەگاکانیی حەشدی شەعبی لە ناوچەی جرف سەخر لە باکووری پارێزگای بابل کراونەتە ئامانج و کوژراو و بریندار هەن.
ئەو میدیانە باس لە کوژرانی دوو چەکداری حەشدی شەعبی و برینداربوونی هەشتی دیکە دەکەن.
پێش ئەو هێرشە، عەبدولرەحمان جەزائیری، سەرکردە لە حەشدی دیفاع لە وەزارەتی بەرگریی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "عێراق بەشێکە لەو گرژی و جەنگەی ناوچەکەی گرتووەتەوە. ئەگەر هەیە لە هەر ئان و ساتێکدا هێرش بکرێتە سەر ئەو گرووپە چەکدارانەی خۆیان بە بەرەی موقاوەمە دەناسێنن و بە ئاشکرا پشتیوانی لە ئێران دەکەن و لە دەرەوەی سیستمی ئەمنی عێراقدان."
جەزائیری ئاماژەی بەوە کرد، ئەمریکا پێشتریش هۆشداری داوەتە عێراق سەبارەت بەو گرووپانە و گوتی: "پێشتر سەرکردەکانی حەشدی شەعبی و گرووپە چەکدارەکان کراونەتە ئامانج، بۆیە ئێستا ئەگەری هێرشکردنە سەریان نەک 99% بەڵکو 100%ـە."
سەبارەت بە هەوڵەکانی بەغدا بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە، ئەو سەرکردەیەی حەشدی دیفاع گوتی: "حکومەتی عێراق و دیپلۆماسییەتی وڵات تەواوی هەوڵەکانیان خستووەتەگەڕ بۆ ئەوەی عێراق لەو جەنگە دوور بێت و تێوەنەگلێ."