فوئاد حوسێن و هاکان فیدان دۆخی ناوچەکە تاوتوێ دەکەن

 
رووداو دیجیتاڵ

فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامدا و پێشهاتەکانی جەنگ و مەترسییەکانی فراوانبوونی ئاڵۆزییەکانیان لە ناوچەکەدا تاوتوێ کرد.
 
رۆژی شەممە، 28ی شوباتی 2026، فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەلایەن هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیاوە پێگەیشت.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، لە پەیوەندییەکەدا هەردوولا بیروڕایان لەبارەی پێشهاتەکانی شەڕی ناوچەکە ئاڵوگۆڕ کرد. 
 
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لە پەیوەندییەکەدا تیشک خراوەتە سەر مەترسیی بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان و ئەگەری فراوانبوونی بازنەی جەنگەکە.
 
هەر لەو پەیوەندییەدا، فوئاد حوسێن و هاکان فیدان جەختیان لە گرنگیی بەردەوامیی هاوئاهەنگی و پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و تورکیا کردووەتەوە؛ هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی کارکردنی هاوبەش بۆ راگرتنی شەڕ و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە.