ئەرشەد ساڵحی دەستی لەکارکێشایەوە و حەسەن توڕان بووە سەرۆکی بەرەی تورکمانی

رووداو دیجیتاڵ
 
گوتەبێژی بەرەی تورکمانی عێراقی ئاشکرایکرد، ئەرشەد ساڵحی، سەرۆکی حیزبەکە دەستی لەکارکێشایەوە و رایگەیاند، حەسەن توڕان شوێنی دەگرێتەوە. 
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی گوتەبێژی بەرەی تورکمانی عێراقی، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ 28ی ئاداری 2021 دەستەی راپەڕاندنی بەرەی تورکمانی عێراق بە سەرۆکایەتیی ئەرشەد ساڵحی کۆبوونەوەیەکی تایبەتییان لە بارەگای فەرمیی حیزبەکە لە کەرکووک کرد، کۆبوونەوەکە تایبەت بووە بە گۆڕانکاریی لە پۆستەکانی سەرۆکایەتیی بەرەی تورکمانی و پێدانی دەرفەت بە کادیرە گەنجەکان بۆ وەرگرتنی بەرپرسیارێتی زیاتر لەنێو حیزبەکەدا.  
 
هەر بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا ئەرشەد ساڵحی دەستبەرداری پۆستی سەرۆک بووە، بەڵام وەکو سەرۆکی فراکسیۆنی بەرەی تورکمانی لە پەرلەمانی عێراق بەردەوامدەبێت. 
 
هەروەها بەدەنگی ئەندامانی دەستەی راپەڕاندنی بەرەی تورکمانی بڕیاردرا، حەسەن توڕان، جێگری یەکەمی سەرۆکی بەرەی تورکمانی پۆستی سەرۆکی بەرەی تورکمانی وەربگرێت و ببێتە شوێنگرەوەی ئەرشەد ساڵحی. هاوکات هیشام بەیرەقدار، کرایە جێگری سەرۆکی بەرەی تورکمانی لە بری حەیدەر قەساب، کە پێشتر جێگری دووەمی سەرۆکی بەرەی تورکمانی بوو. هەیسەم هاشم موختارئۆغڵو-یش کرایە جێگری سەرۆکی بەرەی تورکمانی لە بری حەسەن توڕان، کە پێشتر جێگری یەکەمی سەرۆکی بەرەی تورکمانی بوو.  
 
بەرەی تورکمانی عێراق لە 24ی نیسانی 1995 لە هەولێر دامەزرا. کۆنگرەی یەکەمی لە ساڵی 1997 لە هەولێر بەست. تاوەکو ئێستا شەش کۆنگرەی بەستووە. دوو کۆنگرە لە هەولێر و چوار کۆنگرە لە کەرکووک، ئەرشەد ساڵحی، حەوتەمین سەرۆکی بەرەی تورکمانی بوو.