مەزارگەی ئیمام حوسێن یەکەمین کاروانی هاوکاریی لە کەربەلاوە بۆ ئێران نارد
رووداو دیجیتاڵ
یەکەمین کاروانی هاوکارییەکانی مەزارگەی ئیمام حوسێن (عەتەبەی حوسێنی) لە کەربەلاوە بەرەو ئێران بەڕێکەوت، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ پاڵپشتیکردنی ئەو وڵاتە لەو جەنگەی رووبەڕووی بووەتەوە.
لە قۆناخی یەکەمی ئەم کاروانەدا، زیاتر لە 20 بارهەڵگری تایبەت بە گواستنەوەی ئامێرە قورسەکان، لەگەڵ زیاتر لە 10 بارهەڵگری دیکە کە هاوکاریی جۆراوجۆر و دەرمانیان تێدایە، بەرەو شارەکانی ئێران بەڕێکەوتوون. هەروەها چەندین ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن (ئەمبوڵانس) هاوکاری کاروانەکەن.
بڕیاریشە رۆژی یەکشەممە 29ـی ئاداری 2026، دووەمین کاروانی "تەبایی" مەزارگەی ئیمام حوسێن بەرەو چەند شارێکی ئێران بەڕێ بکەوێت. ئامانجی ئەم کاروانە دەربڕینی هاوخەمییە بۆ بنەماڵەی کوژراوانی شەڕەکە. بەرنامەی کاروانەکە سەردانیکردنی قوتابخانەی میناب و دیدار لەگەڵ بنەماڵەی کوژراوانی قوتابخانەی "تەیبە" لەو شارەیە.
ناردنی هاوکارییەکان بە شێوەیەکی بەردەوام دەبێت، لەو چوارچێوەیەشدا بڕیار دراوە ئەو کاروانە خزمەتگوزارییانەی کە لە رۆژانی چلەی ئیمام حوسێندا لە کەربەلا چالاک بوون، لە ماوەیەکی نزیکدا لە شارەکانی ئێران دەست بە چالاکییەکانیان بکەن بۆ خزمەتکردنی لێقەوماوان.
ئەم هەڵمەتەی هاوکارییەی مەزارگەی ئیمام حوسێن لە کاتێکدایە کە لە 28ی شوباتی رابردووەوە، ئەمریکا و ئیسرائیل جەنگێکی فراوانیان دژی ئێران دەستپێکردووە. بەهۆی ئەو هێرشە ئاسمانی و موووشەکییانەی دەکرێنە سەر شارەکان و دامەزراوەکانی ئێران، زیانێکی زۆری گیانی و ماددی کەوتووەتەوە.
بەپێی راگەیێندراوە فەرمییەکان، لەو جەنگەدا تاوەکو ئێستا سەتان کەس کوژراون کە لەنێویاندا بەرپرسانی باڵای سەربازی و ئەمنی و رێبەری کۆماری ئیسلامی هەن. ئەم دۆخە وای کردووە وڵاتانی ناوچەکە و دامەزراوە ئایینییەکانی عێراق بۆ کەمکردنەوەی ئاسەوارە مرۆییەکانی جەنگەکە، دەست بە ناردنی هاوکاریی دەرمان و خۆراک بۆ ئێران بکەن.