درۆنێک لە کێڵگەی نەوتیی مەجنوونی بەسرە کەوتەخوارەوە
رووداو دیجیتاڵ
فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان لەنێو کێڵگەی نەوتیی مەجنوون لە پارێزگای بەسرە کەوتە خوارەوە. وەزارەتی بەرگریی عێراق دەڵێ: "هیچ زیانێکی گیانی و مادیی لێنەکەوتەوە".
بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی بەرگریی عێراق، کاژێر 08:30ی بەیانیی ئەمڕۆ شەممە، 28ی ئاداری 2026، فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان لە سنووری قەزای دێر لە پارێزگای بەسرە و لەنێو کێڵگەی نەوتیی مەجنوون کەوتە خوارەوە.
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: " فڕۆکەکە نەتەقیوەتەوە و هیچ زیانێکی نەبووە".
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، دەستبەجێ تیمەکانی ئەندازیاری و پسپۆڕانی هەڵوەشاندنەوەی تەقەمەنی گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە.
لە 28ی مانگی رابردوودەوە، چەند جارێکە هێرش دەکرێتە سەر کێڵگەکە، لەوانە 10ی ئادار و 12ی ئادار بە درۆن هێرشکرایە سەری.
وەزارەتی بەرگریی عێراق دەڵێ، هێزە ئەمنییەکان بەردەوامن لە چاودێریکردنی دۆخەکە و گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی ناوچە ستراتیژییەکان و سەلامەتیی کارمەندانی کێڵگە نەوتییەکان.
کێڵگەی مەجنوون یەکێکە لە کێڵگە نەوتییە هەرە گرنگەکانی عێراق، دەکەوێتە نزیک سنووری عێراق-ئێران و 60 کیلۆمەتر لە سەنتەری شاری بەسرەوە دوورە.