سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی: بەم نزیکانە گۆڕانکاری لە پۆستەکانی نەینەوا دەکرێ

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پارێزگای نەینەوا دەڵێ، بەم نزیکانە گۆڕانکاری لە پۆستەکانی نەینەوا دەکرێ. ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستانیش لە ئەنجوومەنەکە دەڵێ، هێشتا رێککەوتن نەکراوە.  
 
محەممەد جاسم کاکەیی، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، ئەمڕۆ شەممە، 28-3-2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەم نزیکانە گۆڕانکاری لە بەڕێوەبەری نزیکەی 15 فەرمانگەی پارێزگای نەینەوا دەکرێ."
 
یەکێتیی دوو کورسی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا هەیە. سەبارەت بەو پۆستانەی گۆڕانکارییەکە نایانگرێتەوە، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی گوتی: "گۆڕانکارییەکان بەڕێوەبەرە گشتییەکانی تەندروستی، پەروەردە و پۆلیس ناگرێتەوە. گۆڕینی ئەوان دوای پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق دەبێت، چونکە ئەوانە لە دەسەڵاتی وەزارەتەکاندان نەک ئەنجوومەنی پارێزگا."
 
پارتی دیموکراتی کوردستان کە چوار کورسی لە ئەنجوومەنەکە هەیە، رەتی دەکاتەوە هیچ رێککەوتنێک بۆ دابەشکردنی پۆستەکان کرابێت.
 
ئیریڤان مەهدی حاجی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە فراکسیۆنی پارتی، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "تاوەکو ئێستا هیچ رێککەوتنێک تایبەت بە دابەشکردنی پۆستەکانی پارێزگای نەینەوا نەکراوە."
 
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا ئاماژەی بەوەش کرد، دۆخی ناوچەکە و پێشهاتەکان بە جۆرێکن کە بوار بۆ گۆڕانکاری ناهێڵنەوە و گوتی: "لای پارتی دیموکراتی کوردستان لەم کاتەدا دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە لە هەموو پۆستێک گرنگترە."
 
ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە 29 ئەندام پێکهاتووە: 26 کورسی گشتی و سێ کورسی کۆتای  کودانی ئێزدی، شەبەک و کریستیان.
 
بەپێی دوایین ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، کورسییەکانی پارێزگاکە بەمشێوەیە دابەشبوون:
 
- نەینەوا لیئەهلیها: 5 کورسی
- پارتی دیموکراتی کوردستان: 4 کورسی
- عەقدی نیشتمانی: 3 کورسی
- سیادە: 2 کورسی
- تەقەدووم: 2 کورسی
- حەدبای نیشتمانی: 2 کورسی
- هەویەی نیشتمانی: 2 کورسی
- ئیتیحاد ئەهل نەینەوا( یەکێتی نیشتمانیی کوردستان): 2 کورسی
- حەسمی نیشتمانی: 2 کورسی 
- عەزم: 1 کورسی
- تەجدید: 1 کورسی
- سێ کورسی بۆ کۆتاکانی شەبەک، و ئێزدی و کریستیان