لە موسڵ دوو ئەفسەری سوپا بە تۆمەتی رووتاندنەوەی خەڵک دەستگیرکران
رووداو دیجیتاڵ
لە شاری موسڵی ناوەندی پارێزگای نەینەوا، باندێکی فێڵکردن و پارەستاندن لە هاووڵاتیان دەستگیرکرا، کە دوو لە ئەندامانی باندەکە ئەفسەرن و خەڵکی شاری بەغدان.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 28/4/2022، لیوا عەواد سورچی، یاریدەدەری فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای نەینەوا بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، هێزەکانیان باندێکی فێڵکردن و هەڕەشە و پارەستاندنیان لە دانیشتووانی موسڵ دەستگیرکردووە.
باندەکە لە سێ کەس پێکهاتوون، دوویان ئەفسەرن، بەناوەکانی (محەممەد خزەیر عەباس) پلەی نەقیب لە هێزی بەرگریی ئاسمانی و خەڵکی ناوچەی شەعبی شاری بەغدا، (سادق عەبدولئەمیر حەسەن)، مولازمی پلە یەک و خەڵکی ناوچەی شەعبی شاری بەغدا و (ماهر سەتار جەبار)، پیشەی کاسبە و ئەویش بەهەمانشێوە خەڵکی شاری بەغدایە.
یاریدەدەری فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای نەینەوا روونیکردەوە، ئەمانە ئۆتۆمبێلێکی جۆری کیاسپۆرتاج رەنگ مارۆنی ژمارە 22928 بەغدا-یان پێبووە، کاریان ئەوەبووە دەهاتنە شاری موسڵ بەتایبەتی لەبەری چەپی موسڵ، پلەی سەربازی خۆیان بەکارهێناوە، بە زەبر و فێڵ پارەیان لە خەڵک وەرگرتووە.
سەبارەت بەو فێڵەی بەکاریانهێناوە، لیوا عەواد سورچی گوتی: "فێڵکەیان ئەوەبوو، بە ئەنقەست یەکێکیان دەخستە بەردەم ئۆتۆمبێل، گوایە ئەمە ئۆتۆمبێل لێیداوە، دواتر ئەوان دەهاتنە نێو بابەتەکە بەناوی سوڵحی عەشایری و بەکارهێنانی پێگەی سەربازیان پارەیان لەو خاوەن ئۆتۆمبێلەکە و خەڵکی موسڵ ستاندووە. دواتریش پارەکەیان بۆ کەیف و خۆشی و رابواردنی خۆیان بەکارهێناوە.
جێگری فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای نەینەوا دەشڵێت، ئەمە چەندین تاوانی لەم جۆرەیان لە موسڵ کردووە، بەڵام لەکۆتاییدا رۆژی 4ی ئەم مانگە لەلایەن هێزەکانیان دەستگیرکراون، دوای لێکۆڵینەوە و پەڕاو لێکۆڵینەوە، دۆسیەکەیان رەوانەی دادگە کراوە و چاوەڕێی بڕیاری دادگەن.