گەشتیارێک لە عێراق بە 16 ڤیزاى ساختەى ئەفغانییەوە دەستگیر دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ
 
گەشتیارێک لە ئێرانەوە ویستوویەتى بێتە عێراق، بە 16 ڤێزاى ساختەى ئەفغانیەوە دەستگیر دەکرێت، ئەو ڤیزایانە بۆ ئەوەیە رێگە بە کارکردنى ئەو ئەفغانیانە بدات کە بە نایاسایی لە عێراقن.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 28ى نیسانى 2025، دەستەى دەروازە سنوورییەکانى عێراق لە راگەیێنراوێکدا دەستگیرکردنى ئەو گەشتیارەى بڵاوکردەوە. 
 
ئەو کەسە لە دەروازەی سنووریی شەلامچە دەستگیرکراوە کە لەنێوان پارێزگاى بەسرە و پارێزگای خوزستانی کۆمارى ئیسلامیی ئێرانە. 
 
دەستەى دەروازە سنوورییەکانى عێراق رایگەیاندووە، ئەو گەشتیارە بیانى بووە و ویستوویەتى ئەو 16 ڤیزا ساختە ئەفغانیە بباتە سنوورى عێراقەوە. 
 
ئەو گەشتیارە ڤیزاکانى لەنێو جانتاکەیدا شاردبوویەوە. 
 
سەرچاوەیەکى بەرپرس لە دەروازە سنوورییەکانى عێراق کە نەیویست ناوى بڵاوبکرێتەوە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "ئەو ڤیزا ساختانە بۆ ئەوەیە بیفرۆشنەوە بەو هاووڵاتییە ئەفغانیانەى، کە بە قاچاخ چوونەتە ناو عێراق و بە نایاسایی کار دەکەن تاوەکو رێگە لەکارکردنیان نەگیرێت."