زەیدی.. "بەربژێری شۆک" چۆن و بۆچی هەڵبژێردرا؟
رووداو دیجیتاڵ
عەلى زەیدى وەک بەربژێری سێبەر لەپشت ناوە پێشنیازکراوەکانى شیعە دەرکەوت و بووە بەربژێرى فەرمیی سەرۆکوەزیرانى عێراق، شیعەکان بە کۆدەنگى بردیانە کۆشکى سەرۆککۆمار بۆ راسپاردنى پێکهێنانى حکومەت، بەڵام چوار لە سەرکردەکانیان تەنیا پشتگیرییان کردووە و دەنگیان پێنەداوە.
شەوی 27ی نیسان ناوی عەلی زەیدیی 40 ساڵان وەک شۆک، میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی لە عێراق تەنی، بەتایبەت کە پرسەکە پەیوەندیدار بوو بە بەربژێرکردنی بۆ باڵاترین دەسەڵات کە سەرۆکوەزیرانە.
بازرگانێکی بەڵێندەری گرێبەستەکانی حکومەت، خۆی دەبێتە سەرۆکی حکومەتێک بۆ چوار ساڵی داهاتوو لە عێراق. بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، ناوەکەی بۆ بەشێک لە 12 سەرکردەکەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی ئاشکرا نەبووە و ئاگاداری وردەکاریی رێککەوتنەکە نەبوون لەسەری، تاوەکو ئەو کاتەی بە پەیوەندیی تەلەفۆنی ناوەکەیان پێ راگەیێندراوە.
عەقیل ردێنی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر، کە یەکێکە لە پێکهێنەرانی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، بە رووداوی گوت، "راگەیاندنی ناوی عەلی زەیدی وەک بەربژێری سەرۆکوەزیران بۆ بەشێک لە هاوپەیمانێتییەکەش جێگەی شۆک بووە."
یەکێک لە سەرچاوەکانی رووداو گوتی، "ناوی عەلی زەیدی لە لای پێنج لە سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی هەبووە و گفتوگۆیان لەبارەیەوە کردووە، بۆیە بۆ راگەیاندن ئاشکرا نەکراوە."
ئەحمەد عیساوی، ئەندامی دەستەی گشتیی رەوتی حیکمە بە رووداوی گوت، "ناوی ئەو بەربژێرە لەلایەن ژمارەیەک لە سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگییەوە تاوتوێ کراوە. ئاشکرا نەکردنى بۆ راگەیاندن بۆ ئەوە بووە کە چانسى بوونە سەرۆکوەزیرانى نەسووتێت."
ئەوەی ئەستێرەی زەیدی بە ئاراستەی وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیران کێشاوە، پەیامێکی ئەمریکا بووە بۆ چوارچێوەی هاوئاهەنگی بەوەی "مامەڵە لەگەڵ هیچ بەربژێرێک ناکەن کە لەژێر چەتری گرووپە چەکدارەکان بێتە دەرەوە."
عەقیل ردێنی دەڵێت، "لە کۆتاییدا پەنا بۆ عەلی زەیدی، بازرگانی عێراقی برا بۆ دەربازبوون لە پێشێلی دەستوور و دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەت. ئەمریکا لە دژی هەر کەسێکە لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت چەکی بەدەست بێت، ئەم پیاوە چەک و گرووپی چەکداری نییە، بەر لەوەی بۆ پێکهێنانی حکومەتیش رابسپێردرێت دوور بووە لە سیاسەت."
ئەو پەیامەى ئەمریکا 24ی نیسان لەلایەن شیعەکانەوە تاوتوێ کراوە و وا خوێندراوەتەوە کە مەبەست لێی رەتکردنەوەی باسم بەدری و ئیحسان عەوادی بووە، کە تاوەکو ئەو کاتە دوو بەربژێری رکابەری بەرەی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان و دەوڵەتی یاسا بوون.
دوو رۆژ دواتر لە ماڵی فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی لە بەغدا، نووری مالیکی سەرۆکی دەوڵەتی یاسا و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان کۆبوونەتەوە و گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتن لەبارەی عەلی زەیدی.
ئەو لێکتێگەیشتنە زیاتر بە ئاراستەی رەزامەندیی نووری مالیکی بووە، هەمان رۆژ سەرکردەکانی دیکەی چوارچێوەی هاوئاهەنگییان لێ ئاگادار کردووەتەوە. یەکلاکردنەوەی عەلی زەیدی بەر لە کۆبوونەوەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە 27ی نیسان، زۆرتر وەرگرتنی بۆچوون بووە نەک دەنگدان.
سەرچاوەیەکی باڵای چوارچێوەی هاوئاهەنگی و عەقیل ردێنی ئەوەیان بە رووداو راگەیاند، کە عەلی زەیدی لە کۆی 12 سەرکردەکەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، رەزامەندیی هەشتیانی وەرگرتووە.
بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، چوار لە سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی هەڵوێستی خۆپارێزییان هەبووە لە دەنگدان بەو بەربژێرە، بەڵام لە دژی نەوەستاونەتەوە و بەڵێنی پاڵپشتییان پێداوە لەپێناو یەکڕیزیی نوێی هاوپەیمانێتییەکە.
هومام حەموودی، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی؛ ئەبو ئالا وەلائی، ئەمینداری گشتیی کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا؛ محەممەد شیاع سوودانی و عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە ئەو چوار سەرکردەیەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بوون، کە ئەو هەڵوێستەیان هەبووە.
ئەحمەد عیساوی گوتی، "ئەوەی گرنگ بوو بەلای ئێمەوە لەو پرسەدا، کۆتاییهاتن بوو بە چەقبەستوویی سیاسی و تێنەپەڕاندنی ماوە دەستوورییەکان."