وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق: پلانی چاندنی ئەم ساڵ سەرکەوتوو بوو
رووداو دیجیتاڵ
بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق دەڵێت، پلانی کشتوکاڵیی وەرزی زستانەی 2025-2026، "بە رێژەی 100%" جێبەجێ کراوە و بەهۆی شەپۆلەکانی بارانبارینیشەوە، سێ ملیۆن دۆنم زەویی دیکە لە دەرەوەی پلانەکە چێندراون.
مەهدی جبووری، بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، "سەرەڕای ئاستەنگە گەورەکانی وەک کەمیی ئاوی رووبارەکانی دیجلە و فورات و ناڕوونیی رێژەی بارانبارین لە سەرەتای وەرزەکەدا، بەڵام توانراوە پلانی کشتوکاڵی بەتەواوی سەرکەوتوو بێت."
بە گوتەی بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ، پلانی ئەم ساڵ لە دوو قۆناخ پێکهاتبوو، کە قۆناخی یەکەم چاندنی سێ ملیۆن و 500 هەزار دۆنم زەوی بووە بە پشتبەستن بە سیستەمی ئاودێریی نوێ و ئاوی بیرەکان. هەروەها قۆناخی دووەم چاندنی ملیۆنێک دۆنم زەوی بووە، کە پێشتر بڕیاربووە دوو ملیۆن بێت، بەڵام بەهۆی کەمیی ئاوی رووبارەکانەوە بۆ نیوە کەمکراوەتەوە.
مەهدی جبووری ئاماژەی بەوە کرد، بارانبارینی ئەم ساڵ کاریگەرییەکی گەورەی هەبووە و تەنیا لە ناوچە بەراوەکاندا، زیاتر لە سێ ملیۆن دۆنم زەویی زیادە لە دەرەوەی پلانی کشتوکاڵی چێندراون کە پێکدێن لە گەنم، جۆ و سەوزە.
بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ گوتیشی، "شەپۆلەکانی بارانبارین بڕی ئاوی پێویستیان بۆ قۆناخی ئاودێریی دابین کردووە، ئەمەش بووەتە هۆی کەمکردنەوەی تێچووی بەرهەمهێنان و کەمکردنەوەی کاتەکانی کارپێکردنی سیستەمە نوێیەکانی ئاودێری لە ناوچە بیابانییەکاندا."
لەبارەی ساخکردنەوەی بەرهەمی جووتیاران، بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ ئاشکرای کرد کە داوایان لە ئەنجوومەنی وەزیران کردووە ئەو سێ ملیۆن دۆنمە زیادەیەش هاوشێوەی ناوچەکانی نێو پلانەکە، بەرهەمەکانیان لێ وەربگیرێتەوە و لە سایلۆکاندا کۆبکرێتەوە، ئەوەش لەپێناو پاراستنی "ئاسایشی خۆراک"ی وڵات لەو بارودۆخەی کە ناوچەکەی پێدا تێپەڕ دەبێت.