بەهۆی دەمەقاڵێ لەسەر زەوی، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ئەبوو درع دەرکرا


رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی دروستبوونی دەمەقاڵێ لەسەر زیادکردنی فرۆشتنی پارچە زەوییەک لە بەغدا، دادگەیەکی عێراق فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ ئەبوو درع دەرکرد، کە یەکێکە لە کەسایەتییە چەکدارە شیعەکانی نزیک لە موقتەدا سەدر.
 
فەرمانی دەستگیرکردنی ئەبو درع لە 27ی نیسانی 2026 لەلایەن دادگەی لێکۆڵینەوەی ناوەندی لە بەغدا دەرچووە.
 
ئەبوو درع بەگوێرەی فەرمانی دەستگیرکردنەکە، تۆمەتبارکراوە بە هەڵکوتانە سەر ئەمینداریێتیی بەغدا و هەڕەشەکردن لە هاووڵاتییان و فەرمانبەران و پاسەوانان، بۆ ئەوەی ناچاریان بکات زیادکردنێکی ئاشکرا لە بەرژەوەندیی گرووپەکەی بێت.
 
رووداوەکە رۆژی دووشەممە 27ی نیسانی 2026 لە نزیک فەرمانگەی خانووبەرەی ناو باڵەخانەی ئەمینداریێتیی بەغدا روویداوە.
 
سێشەممە، 28ی نیسانی 2026، عودەی جەندەل، گوتەبێژی ئەمینداریێتیی بەغدا بە رووداوی راگەیاند: "لەکاتی بەڕێوەچوونی زیادکردنی ئاشکرا بۆ فرۆشتنی چەند پارچە زەوییەک، ژمارەیەک هاووڵاتی بەزۆر خۆیان خستووەتە ناو باڵەخانەکەمان و لەدوای دروستبوونی دەمەقاڵێ لەگەڵ پاسەوانان و فەرمانبەران، شەڕ دروستبووە و کراونەتە دەرەوەی باڵەخانەکە."
 
هێزێکی سەر بە پۆلیسی بەغدا سێشەممە هەڵیانکوتاوەتە سەر بارەگایەکی ئەبو درع و دەستیان بەسەر ئەو چەکانەدا گرتووە کە لە بارەگاکەدا بوون، بەڵام تاوەکو ئێستا خۆی دەستگیر نەکراوە. 
 
عودەی جەندەل رایگەیاند، رێکارە یاساییەکان، دادگە و رێوشوێنەکان لەسەر ئەو پرسە لە لای دەزگا ئەمنییەکانە.
 
ئیسماعیل حافز عەبد عەلی لامی، ناسراو بە ئەبو درع، کەسایەتییەکی چەکداری نزیک لە موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعەیە؛ پێشتر سەر بە سوپای مەهدی بووە، ساڵی 2007 بەهۆی گوشاری ئەمریکاوە رووی لە ئێران کرد، دوای دەرچوونی سوپای ئەو وڵاتە (ئەمریکا) گەڕایەوە عێراق.