سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی کۆدەبنەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە، سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەکان کۆدەبنەوە و سبەی دووشەممەش کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بەڕێودەچێت، لە هەردوو کۆبوونەوەکەدا گۆڕانکارییەکان لە پشکی هەرێمی کوردستان لە پرۆژەیاسای بودجە تاوتوێ دەکرێن.
شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، رۆژی یەکشەممە، 28-05-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە ئامادەبوونی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە نووسینگەی موحسین مەندەلاوی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆدەبنەوە، بە دڵنیایەوە پرسی بودجە و گۆڕانکارییەکانی پشکی هەرێمی کوردستان لە نێو لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە دەبێت.
شێروان دووبەردانی، ئاماژەی بەوەکرد، سبەی دووشەممەش کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بەڕێودەچێت، یەکێک لە پرسە سەرەکییەکان گۆڕانکارییەکانی پشکی هەرێمی کوردستان دەبێت لە پرۆژەیاسای بودجەدا.
دووبەردانی کە هاوکات پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستانە گوتی، لەبارەی گۆڕانکارییەکانی پشکی هەرێمی کوردستان لە پرۆژەیاسای بودجەدا لەنێو لیژنەی داراییدا، پێشنیازی نوێ لەلایەن سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی پێشکێشی سەرکردایەتیی سیاسیی هەرێمی کوردستان کراوە و ئێستا تاوتوێ دەکرێت.
د. جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ (یەکشەممە، 28-05-2023) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوای دەنگدان بە مادەکانی 13 و 14 تایبەت بە هەرێمی کوردستان لە پرۆژەیاسای بودجە، گرژی باڵی بەسەر لیژنەی داراییدا کێشا، دوای نووسراوەکەی شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کارەکانی لیژنەی دارایی وەستاون.
ئەندامەکەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق گوتی: "بۆ لێکنزیکبوونەوەی نێوان هەردوولا، لایەنی سێیەم دێتە نێو بابەتەکە، بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە پێشنیازی نوێ سەبارەت بە پشکی هەرێمی کوردستان پێشکێش دەکرێت، کە جێگەی رەزامەندی هەردوولا بێت".
پێنجشەممەی رابردوو، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەستکاری بڕگەی تایبەت بە هەناردەی نەوتی کوردستانی لە رەشنووسی بودجەی عێراق کرد و گۆڕی. نوێنەرانی پارتی دیموکراتی کوردستان بایکۆتیان کرد و سوننەکانیش دەنگیان بۆ نەدا. نوێنەرەکەی یەکگرتوو تەنیا دەنگی بە بڕگەی دانەوەی 10٪ی مووچەی پاشەکەوتکراوی فەرمانبەران دا، لەبەرامبەر نوێنەری یەکێتی و سەرجەم پەرلەمانتارانی شیعە دەنگیان بەو گۆڕانکاریانە دا.
بەپێی گۆڕانکارییەکە؛ دەبێت هەرێمی کوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت بەبێ کێڵگەکانی ناوچە کوردستانییەکانی کەرکووک و نەینەوا رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکات، گۆڕانکاریی دووەم بریتییە لەوەی ئەو نەوتەی رادەستی سۆمۆ دەکرێت، مەرج نییە هەر بۆ هەناردەکردن بێت، بەڵکو دەتوانرێت بۆ پڕکردنەوەی پێویستی نێوخۆ لە سووتەمەنیش بەکاربهێندرێت.
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رۆژی 27-05-2023 نووسراوی بۆ لیژنەی دارایی کرد، تێیدا ئاماژەی بەوەکردووە، پاڵپشت بە مادەی 73 لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی عێراق؛ نابێت ئەندامانی لیژنە لە 21 کەس زیاتر بن و سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەسەڵاتی هەیە دەستکاری ژمارەی ئەندامانی لیژنەکە بکات، کە لە دوو ئەندام زیاتر نەبێت بە گواستنەوە یان زیادکردنیان.
شاخەوان عەبدوڵڵا دەڵێت، تێبینی کراوە، ژمارەی ئەندامانی ئامادەبوو لە لیژنەی دارایی 24 کەس بووە، ئەمەش سەرپێچییەکی روونی مادەی ئاماژە بۆ کراوە و دەسەڵاتی ئەوەشیان پێدراوە دەستکاری بکەن و ئەندامانی زیاد بکات، بە شێوەیەک دوو ئەندام زیاتر نەبێت، تاوەکو ژمارەی یاسایی پەرلەمانتاران لە 23 کەس زیاتر نەبێت، پێچەوانەی ئەمە، زیادبوونی ئەندامانی لیژنە لە دەنگدان و پەسندکردن، کەموکوڕی دروست دەبێت.