شاخەوان عەبدوڵڵا: هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت تاوتوێی دەستکاریکردنی رەشنووسی بودجە دەکات

رووداو دیجیتاڵ

جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، سبەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کۆدەبێتەوە و یەکێک لە بابەتەکان کە لە کۆبوونەوەکەدا دەخرێتە بەرباس، مادەکانی 13 و 14ی رەشنووسی یاسای بودجەیە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، بنەمای گۆڕانکارییەکانی مادەی 13 و 14ی پڕۆژەیاساکە، ''سیاسەتێکی دوژمنکارانەیە.''
 
رۆژی یەکشەممە، 28-05-2023، شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، سبەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کۆدەبێتەوە و باسی ئەو گۆڕانکارییانەش دەکرێ کە لەلایەن لیژنەی دارایی پەرلەمان، لە مادەکانی 13 و 14ی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراقدا کرابوو.
 
پێنجشەممەی رابردوو، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەستکاری بڕگەی تایبەت بە هەناردەی نەوتی کوردستانی لە رەشنووسی بودجەی عێراقدا کرد و گۆڕی.
 
بەپێی گۆڕانکارییەکە؛ دەبێت هەرێمی کوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت بەبێ کێڵگەکانی ناوچە کوردستانییەکانی کەرکووک و نەینەوا رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکات، گۆڕانکاریی دووەم بریتییە لەوەی ئەو نەوتەی رادەستی سۆمۆ دەکرێت، مەرج نییە هەر بۆ هەناردەکردن بێت، بەڵکو دەتوانرێت بۆ پڕکردنەوەی پێویستی نێوخۆ لە سووتەمەنیش بەکاربهێندرێت.
 
هەر لە چوارچێوەی گۆڕانکارییەکاندا هاتووە، ئەگەر پارێزگایەک لە دابەشکردنی بودجە ناڕازی بوو، بەشە بودجەی ئەم پارێزگایە لە پشکی هەرێمی کوردستان کەم دەکرێتەوە و حکومەتی فیدراڵی راستەوخۆ بەشە بودجەی پارێزگاکە دەنێرێت، ئەوە جگە لە هاوبەشیکردنی حکومەتی ناوەندی بۆ بەڕێوەبردنی دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان.
 
گۆڕانکارییەکانی دوو مادەی 13 و 14ی پڕۆژەیاساکە، ناڕەزایەتییەکی زۆری لێکەوتەوە و لە کاتێکدا کرا کە ئەندامانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە پشکی پارتی و یەکگرتووی ئیسلامی بایکۆتی کۆبوونەوەکەیان کرد.
 
دوای گۆڕانکارییەکانی رەشنووسی یاسای بودجەی گشتیی عێراق لە لیژنەی دارایی پەرلەمان، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا "نیگەرانیی قووڵی" خۆی لە دەستکاریکردن و گۆڕانکاری لە مادەکانی 13 و 14ـی پڕۆژەیاساکە دەربڕی و داوای له‌ لایەنە سیاسییەکان به‌تايبه‌تى لايه‌نه‌كانى هاوپه‌يمانيى به‌ڕێوه‌بردنى ده‌وڵه‌ت کرد، پابه‌ندى رێككه‌وتنه‌كان بن. مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانیش راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا گوتی: "دەبێت هەموو لایەک رێز لە رێککەوتنی هەولێر و بەغدا بگرن". 
 
دوێنێ شەممە، شاخەوان عەبدوڵڵا نووسراوی بۆ لیژنەی دارایی کردووە و تێیدا هاتووە، پاڵپشت بە مادەی 73 لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی عێراق؛ نابێت ئەندامانی لیژنە لە 21 کەس زیاتر بن و سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەسەڵاتی هەیە دەستکاری ژمارەی ئەندامانی لیژنەکە بکات، کە لە دوو ئەندام زیاتر نەبێت بە گواستنەوە یان زیادکردنیان، ئەوەش لە کاتێکدایە تێبینی کراوە، ژمارەی ئەندامانی ئامادەبوو لە لیژنەی دارایی 24 کەس بووە.
 
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەوبارەوە ئاماژەیدا، ''بە هیچ شێوەیەک رێگە نادەین لە نێو پەرلەمان پێشێلکاریی دەستوور بکرێت، چونکە پەرلەمان جێگەی یاسادانانە و ناکرێت خۆی پێشێلکاری یاسا بێت، بۆیە ئەو نووسراوەمان ئاراستەی لیژنەی دارایی کرد.''
 
پێشتر لەسەر بودجە و هەناردەکردنی نەوت، لە لایەن دوو حکومەتەکەی هەرێمی کوردستان و عێراق، رێککەوتن کرابوو، لەو بارەوە شاخەوان عەبدوڵڵا گوتی: ''گۆڕانکارییەکانی مادەی 13 و 14ی پڕۆژەیاساکە قبووڵکراو نییە و چاوەڕێی رێککەوتنێکی سیاسی دەکەین بۆ ئەوەی پڕۆژەیاساکە کۆتایی پێ بێت.''
 
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئەوەشی خستەڕوو، تاوەکو کاتی رێککەوتنەکەش، دانیشتنەکانی پەرلەمانیان راگرتووە: ''چاوەڕێی ئەوەین کە هێز و لایەنە سیاسییەکان بگەنە رێگەچارەیەک بۆ ئەوەی ئەو دوو مادەیە بەشێوەیەک تێپەڕێت کە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان تێیدا پارێزراو بێت و لە چوارچێوەی رێککەوتنی سیاسی نێوان هەردوو حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستادا دەنگی لەسەر بدرێت.''
 
شاخەوان عەبدوڵلا پێیوایە، ئەو گۆڕانکارییەی لە لایەن هەندێک لە ئەندامانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە ماددەی 13 و 14ی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراقدا کرا، ''سیاسەتێکی دوژمنکارانە و عەقڵییەتێکی خۆپەرستانە و دوور لە یاسا بووە.''
 
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، لە سەرەتاوە داوای ئەوەیان کردووە دەبێت دەستوور سەروەر بێت، ''بەڵام لەو گۆڕانکارییەدا نەک دەستوور سەروەر نەبوو، بەڵکو جۆرێک لێدانە لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان کە بەهیچ شێوەیەک قبووڵکراو نییە.''
 
شاخەوان عەبدوڵڵا جەخت لەوە دەکاتەوە، ''ئەو گۆڕانکارییانە بەسەر ئەندامانی لیژنەی داراییدا فەڕز کراوە و کەشێکی وایان دروستکرد کە بەو شێوەیە مادەکان تێبپەڕێنن و خۆشیان [ئەندامانی لیژنەی دارایی] بڕوایان بەوە نییە کە دەنگی لەسەر دراوە، بۆیە چاوەڕێی ئەوەین کە لە چوارچێوەی رێککەوتنێکی سیاسیدا، بەشێوەیەک ئەم دوو مادەیە هەموار بکرێتەوە و دەنگی لەسەر بدرێت کە بە رەزامەندی هەردوو حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان بێت.''
 
پڕۆژەیاسای بودجەى گشتیی عێراق کە بۆ سێ ساڵە (2023، 2024 و 2025)، قەبارەی ساڵانەی زیاتر لە 199 تریلیۆن دینارە، لەو بڕەش زیاتر لە 16 تریلیۆن دینارى پشکى هەرێمى کوردستانە.