پشکى هەرێمى کوردستان لە پەرەپێدانى پارێزگاکان بۆ نزیکەى 500 ملیار دینار زیاد دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ

پشکى هەرێمى کوردستان لە بودجەى پەرەپێدانى پارێزگاکان زیاد دەکرێت و دەگاتە نزیکەى 500 ملیار دینار، لە کاتێکدا شێوازى دابەشکردنى بەسەر پارێزگاکاندا دراوەتە دەست حکومەتى هەرێمى کوردستان.
 
گواستنەوەى بودجە لە نێوان کەرتەکانى نێو پڕۆژەیاسای بودجەى گشتى لە لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق ماوە زیاد بکرێت بۆ پێشنیازەکانى پڕۆژەیاساکە کە یەکێکیان زیادکردنى بودجەى پەرەپێدانى پارێزگاکانە.
 
 28ى ئایارى 2023 جەمال کۆچەر، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "لیژنەیەک لە ئەندامانى لیژنەى دارایی پێکهێندراوە بۆ تەواوکردنى گواستنەوەى بودجە بە هاوئاهەنگى لەگەڵ حکومەتی عێراق و وەزارەتى دارایی عێراق و دواتر لەنێو خشتەیەکدا دەخرێتە نێو پڕۆژەیاسای بودجەى گشتى، بەر لەوەى دەنگى لەسەر بدرێت و پڕۆژەکە بدرێتە سەرۆکایەتیى پەرلەمان".
 
جەمال کۆچەر گوتیشى، "بودجەى پەرەپێدانى پارێزگاکان دەگاتە نزیکەى چوار تریلیۆن دینار".
 
بەر لە گۆڕانکاریکردن لە بودجەى پەرەپێدانى پارێزگاکان، بڕەکەى دوو تریلیۆن و 500 ملیار دینار بوو کە بەشێک لە پارێزگارەکانى عێراق بڕەکەیان بە کەم زانى و داواى زیادکردنیان کرد.    
 
شێروان دووبەردانى، ئەندامى لیژنەى هەرێم و پارێزگاکانى پەرلەمانى عێراق رۆژی 28-5-2023 بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، بڕیاردراوە بودجەى پەرەپێدانى پارێزگانى عێراق زیادبکرێت بە گواستنەوەى یەک تریلیۆن و 500 ملیار دینار بۆ سەر بودجەکەى کە لە بنەڕەتدا دوو تریلیۆن و 500 ملیار دینار بوو.
 
پشکى هەرێمى کوردستان لە بودجەى پەرەپێدانى پارێزگاکان لە پڕۆژە یاسای بودجەى گشتى 276 ملیار و 550 ملیۆن دینار بوو؛ بە زیادکردنى بڕى بودجەکە پشکى هەرێمى کوردستانیش زیاد دەکات. 
 
بڕیار رەشید، ئەندامى لیژنەى ئابوورى، پیشەسازى و بازرگانیی پەرلەمانى عێراق رۆژی یەکشەممە، 28-5-2023 بە رووداوى راگەیاند، هەرێمى کوردستان 12.67%ى پشکى ئەو زیادکردنەى بودجەى پەرەپێدانى پارێزگاکان بەردەکەوێت.
 
پێشتر ئەندامانى کوردى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق رەخنەیان لەوە گرت کە پشکى هەرێمى کوردستان لە بودجەى پێشووى پەرەپێدانى پارێزگاکان کەمترە لەو بڕەى لە بودجەدا هاتووە و رێژەى 12.67% ى دوو تریلیۆن و 500 ملیار دینارەکە زیاتر لە  316.7 ملیار دینار دەکات، لەکاتێکدا بڕەکەى بە 276 ملیار و 550 ملیۆن دینار بوو دیاریکرابوو.
 
دابەشکردنى پشکى پەرەپێدانى پارێزگاکانى عێراق بە گوێرەى هەردوو پێوەرى رێژەى هەژاری و ژمارەى دانیشتوانە، بەڵام ئەو پێوەرانە بۆ دابەشکردنى بەسەر پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان پەیڕەو ناکرێت.
 
بڕیار رەشید رایگەياند، "پشکى بودجەى پەرەپێدانى پارێزگاکان بۆ هەرێمى کوردستان بەو پێوەرە نادرێت کە لەلایەن حکومەتى فیدراڵیەوە پەیڕەو دەکرێت و دابەشکردنەکەى دراوەتە دەست حکومەتى هەرێمى کوردستان".
 
رۆژی 25ى ئایارى 2023، لیژنەى دارایی پەرلەمانی عێراق چەند گۆڕانکارییەکى لە مادەکانى تایبەت بە پشکى هەرێمى کوردستان کرد کە لە پڕۆژەیاساى بودجەدا هەن، ئەوەش کاردانەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بەدوادا هات.