ملیۆنێک و 613 هەزار کەس پڕۆسەی تۆماری بایۆمەترییان بۆ کراوە
رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی نوێترین ئاماری کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان، تاوەکو دوێنێ زیاتر لە ملیۆنێک و 613 هەزار کەس پڕۆسەی تۆماری بایۆمەترییان بۆ کراوە؛ زۆرترینیان لە نەینەوا بووە.
عیماد جەمیل، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق بە رووداوى راگەیاند، "تاوەکو دوێنێ سێشەممە، ملیۆنێک و 613 هەزار و 421 کەس کاروباری نوێکردنەوە و تۆماری بایۆمەترییان بۆ تەواوکراوە."
بە گوتەی عیماد جەمیل، "ئەم پڕۆسەیە بۆ ئەو کەسانەیە، کە کارتی بایۆمەترییان نییە، یاخود دەیانەوێت بازنەی دەنگدانیان لە پارێزگایەکەوە بۆ پارێزگایەکی دیکە بگۆڕن، پڕۆسەکەش تاوەکو 15ی حوزەیران بەردەوام دەبێت."
بەگوێرەی ئاماری کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان، زۆرترین پڕۆسەی تۆماری بایۆمەتری تاوەکو 27ی ئەم مانگە، لە پارێزگای نەینەوا بووە، کە 237 هەزار و 90 کەس کاروبارەکانیان بۆ تەواوکراوە.
لە هەولێر 116 هەزار و 724 کەس، سلێمانی 85 هەزار و 464 کەس، دهۆک 60 هەزار و 422 کەس و لە کەرکووکیش 85 هەزار و 629 کەس بووە.
لە عێراق و هەرێمی کوردستان، هەزار و 79 ناوەند بۆ مەبەستی نوێکردنەوەی کارتی بایۆمەتری تەرخان کراون.
تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ، 29 ملیۆن هاووڵاتی لە عێراق و هەرێمى کوردستان مافى دەنگدانیان دەبێت، بەڵام ئەوانە دەتوانن بەشداری لە هەڵبژاردن بکەن، کە کارتى بایۆمەتریى دەنگدانیان هەیە.
کارتەکە مەرجى بەشداریکردنە لەو دەنگدانەدا، کە بڕیارە لە 11ى تشرینى دووەمى ئەم ساڵ بکرێت.