دادگە دوورخستنەوەی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوای رەتکردەوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

دادگەی کارگێڕی، مشتومڕی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوای یەکلاکردەوە و دوورخستنەوەی ئەحمەد حاسوود-ی رەتکردەوە. 
 
محەممەد جاسم کاکەیی، سەرۆکی  فراکسیۆنیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، ئەمڕۆ چوارشەممە، 28ـی ئایاری 2025، بە تۆڕی میدیایی رووداو راگەیاند، دوای سێجار دواخستن، ئەمڕۆ دادگەی کارگێڕیی عێراق، بڕیاری دوورخستنەوەی ئەحمەد حاسوود-ی لە پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا پووچەڵکردەوە، کە پێشتر لەلایەن ئەنجوونەوە درابوو. 
 
بەگوێرەی ئەو بڕیارە، ئەحمەد حاسوود، لە پۆستەکەی وەک سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بەردەوام دەبێت.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی ئەحمەد حاسوود، ئەم بڕیارە کۆتایی بەو مشتومڕە سیاسی و یاساییە دەهێنێت، کە لە ماوەی رابردوودا لەسەر رەوایی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەن هەبوو، جەختیش لەوە کراوەتەوە ئەو رێکارانەی بۆ لەکارلادانی حاسوود گیرابوونەبەر، بەپێی روونکردنەوەی دادگە، یاسایی نەبوون.
 
رۆژی 05-03-2025، ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بە بەشداریی 16 ئەندام لە کۆی 29 ئەندام کۆبووەوە و سەرۆکی ئەنجوومەنەکەی لەکار دوورخستەوە، هۆکارەکەشی ئەوەبوو چەند پرسیارێکیان ئاراستەی ئەحمەد حاسوود، سەرۆکی ئەنجوومەن کردبوو، بەڵام پرسیارەکانی وەڵام نەدابوونەوە و ئامادەی کۆبوونەوەکەش نەبوو. ئەویش دواتر لە دادگەی کارگێڕی سکاڵای تۆمارکرد.
 
ناکۆکییەکانی نێو ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دوای ئەوە چڕبوونەوە کە 29 ئەندامی ئەنجوومەنەکە بەسەر دوو بەرەی بنەڕەتی دابەشبوون، هاوپەیمانیی (نەینەوای داهاتوو) کە هێزەکانی چوارچێوەی ھاوئاهەنگی و یەكێتی و بابلیون پێکیان هێنا و (هاوپەیمانیی نەینەوای یەکگرتوو) کە لایەنە سوننەکان و پێکهاتەکان و پارتی دیموکراتی کوردستان پێکیان هێنا.
 
هاوپەیمانیی یەکەم کە 16 کورسی کۆکردبووەوە، لەکۆی 29 کورسی بەبێ هاوپەیمانێتییەکەی دیکە ئەنجوومەنی پارێزگایان کۆکردەوە و بەشێک لە پۆستەکانیشیان دابەشکرد، بەڵام رۆژی چوارشەممە (05-03-2025) هاوپەیمانێتیی نەینەوای یەکگرتوو هاوکێشەکەی پێچەوانە کردەوە و بە کۆکردنەوەی 16 ئەندام جڵەوی گرتەوە دەست و لە یەکەم جووڵەشدا سەرۆکی ئەنجوومەنەکەی لەکارخست.