لە دادگەی فیدراڵی سکاڵا لەسەر گرێبەستە نوێیەکانی هەرێمی کوردستان تۆمارکرا


رووداو دیجیتاڵ

دوو پەرلەمانتاری شیعە لە دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق سکاڵایان لەسەر گرێبەستە نوێیەکانی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان تۆمارکرد و داوای راگرتنی گرێبەستەکان و دەرکردنی فەرمان سالاری لە دادگە دەکەن.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 28ـی ئایاری 2025، رائید مالیکی، پەرلەمانتارێکی شیعە کە خۆی بە سەربەخۆ ناودەبات، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە تەلاری پەرلەمانی عێراق، گرێبەست و رێککەوتنەکانی هەرێمی کوردستانی بە "نادروست" وەسف کرد و داوای راگرتنی دەستبەجێیانی کرد.
 
رۆژی 19-05-2025 لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا لە واشنتن، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانیی سەرۆکوەزیران، حکومەتی هەرێمی کوردستان دوو گرێبەستی لە بواری وزەدا بە بەهای زیاتر لە 100 ملیار دۆلار لەگەڵ دوو کۆمپانیای ناسراوی ئەمریکی، وێستن زاگرۆس و HKN Energy واژۆ کرد.
 
مالیکی رایگەیاند، لەگەڵ پەرلەمانتار باسم غرێباوی، لە دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق تانەیەکی فەرمییان پێشکەش کرد و تێیدا داوای دەرکردنی بڕیارێکیان کردووە بۆ پووچەڵکردنەوەی ئەو گرێبەست و رێککەوتنانەی کە بەم دواییانە کراون، هەروەها داوای دەرکردنی فەرمانێکی سالارییان کردووە بۆ راگرتنی سەرجەم رێکارەکانی جێبەجێکردنیان.
 
باسی لەوەش کرد، "هیواداربووین بە هەموارکردنە دۆخەکە بگەڕێتەوە رێچکەی سرووشتی خۆی لەبارەی مامەڵەکردن لەگەڵ گرێبەستەکانی هەرێمی کوردستان و دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت، بەڵام بەداخێکی زۆرەوە، ئەوەی پێشتر ترسمان لێی هەبوو و ناڕەزایی و رەخنەمان لەسەری هەبوو، دووپاتبووەوە کە ئەم هەموارکردنە تەنیا میکانیزم و رێگایەک بووە بۆ رەوایەتیدان بە رەفتار و مامەڵە و رێککەوتنی ناڕاست."
 
پەرلەمانتارەکە کە هاوکات ئەندامی لیژنەی یاساییە، داوای لە هەردوو حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد "بگەڕێنەوە سەر رێچکە دروستەکە، کە لەسەر بنەمای هاوبەشی بێت لە بەڕێوەبردنی سامانی نەوت و گاز و دابەشکردنی دادپەروەرانەی داهاتەکەی لەنێوان تەواوی خەڵکی عێراقدا، چ لە هەرێمی کوردستان بن یان لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق."
 
مالیکی جەختیشی کردەوە "تۆزقاڵێک رق و کینەمان بەرامبەر هاووڵاتیانی هیچ پارێزگا و ناوچەیەکی عێراق نییە" و گوتیشی: "ئێمە نوێنەرایەتیی هەموو خەڵکی عێراق دەکەین، بەڵام ئەوەی روویداوە تاکڕەوییە لە بڕیاردان و سەرپێچیکردنی حوکمەکانی دەستوورە، کە هەموو خەڵکی عێراق دەنگیان لەسەرداوە."
 
لە کۆتاییدا، رائید مالیکی داوای کۆنترۆڵکردنی تووندوتۆڵی سەرجەم دەروازە سنوورییەکانی عێراق کرد، لە سەرووی هەموویانەوە هەرێمی کوردستان، بەهۆی "زیان و لێکەوتە گەورەکانی کۆنترۆڵنەکردنیان لەسەر ئابووری، ئاسایش و لایەنەکانی دیکەوە."