وەزارەتی نەوتی عێراق: دەتوانین 150 هەزار بەرمیل نەوتی کوردستان بۆ بەکارهێنانی ناوخۆ وەربگرین
رووداو دیجیتاڵ
وەزیرى نەوتى عێراق، وەزارەتى دارایی ئاگادار دەکاتەوە کە بە حکومەتى هەرێمى کوردستانی گوتووە، دەتوانن لەنێوان 120 بۆ 150 هەزار بەرمیل نەوتى هەرێمى کوردستان وەربگرن بۆ بەکارهێنانى ناوخۆ، لەکاتێکدا بەگوێرەى یاساى بودجە دەبێت 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی بەغدا بکەن.
بەگوێرەى ئەو زانیاریانەى کە تۆڕى میدیایی رووداو لە وەزارەتى نەوتى عێراقەوە دەستى کەوتوون، لە 22ى حوزەیرانى 2023، حەیان عەبدولغەنى، وەزیرى نەوتى عێراق نووسراوێکى ئاڕاستەى وەزارەتى دارایی عێراق کردووە و تێیدا ئاماژەى بەوەداوە کە لەسەر بنەماى یاساى بودجەى گشتیى عێراق، دەبێت هەرێمى کوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت لەسەر بنەماى نرخى 70 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک و هەژمارکردنى هەر دۆلارێکى بە 1300 دینار رادەست بکات و داهاتەکەى وەک بەشێک لە خەزێنەى دەوڵەت مامەڵەى لەگەڵدا بکرێت.
وەزیرى نەوت لەو نووسراوەدا ئاماژەى بەوە داوە، هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان لە رێگەى بەندەرى جەیهانى تورکیاوە هێشتا راوەستاوە، ئەوەیان بە بەرپرسانى هەرێمى کوردستان راگەیاندووە کە وەزارەتى نەوت دەتوانێت رۆژانە لەنێوان 120 بۆ 150 هەزار بەرمیل نەوتى هەرێمى کوردستان وەربگرێت بۆ ئەوەى بە گوێرەى یاساى بودجەى گشتیی عێراق بۆ بەکارهێنانى نێوخۆیی بەکارى بهێنین.
لە 25ـى ئادارەوە هەناردەى نەوتى هەرێمی کوردستان بۆ بەندەرى جەیهانى تورکیا راگیراوە، کە رۆژانە زیاتر لە 400 هەزار بەرمیل نەوت بوو، ئەوەش جگە لە راگرتنى هەناردەى رۆژانەى 75 بۆ 85 هەزار بەرمیل نەوتى کەرکووک کە بە هەمان رێگە هەناردە دەکرا.
ئەو راگرتنە بە کاریگەریى بڕیارى دادگەی نێوبژیوانیی ژووری بارزگانیی نێودەوڵەتی لە پاریس بوو.
بەگوێرەى یاسای بودجەى گشتیى عێراق کە لە 26ى حوزەیران کەوتە بوارى جێبەجێکردنەوە، دەبێت هەرێمى کوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەستى وەزارەتى نەوتى حکومەتى فیدراڵى بکات کە یان بۆ هەناردەکردن بۆ دەرەوە یان بۆ نێوخۆ بەکارى دەهێنێت وەک یەکێک لە مەرجەکانى ناردنى پشکى هەرێمى کوردستان لەو بودجەیە، کە زیاتر لە 16.6 تریلیۆن دینارە لە کۆى زیاتر لە 199 ترلیۆن دینارى بودجەى عێراق.