لە قوتابخانەیەکى ئەنبار کیلۆیەک مادەى هۆشبەر و 250 هەزار حەب دۆزرانەوە

رووداو دیجیتاڵ 

لەیەکەم رۆژى جەژندا، یەکەى بنبڕکردنى مادەى هۆشبەر لە ئەنبار، دەستیانگرت بەسەر 250 هەزار دەنک حەبى هۆشبەرى جۆرى کاپتاگۆن و یەک کیلۆ مادەى هۆشبەرى حەشیش، کە لە قوتابخانەیەکى ئەوشارە شاردرابووەوە. 
 
28ى حوزەیرانى 2023، وەزارەتى ناوخۆى عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، هێزێکى یەکەى بنبڕکردنى مادەى هۆشبەر لە پارێزگاى ئەنبار دەستیگرتووە بەسەر ئەو مادە هۆشبەرانەدا، کە لە قوتابخانەیەکى شارى روومادى ناوەندى پارێزگاکە شاردرابوونەوە کە لە قۆناخى نۆژەنکردنەوەدابووە.
 
بەگوێرەى راگەیێندراوەکە، رێوشوێنە یاسایی گیراوەتەبەر بۆ دەستگیرکردنى ئەو کەسانەى تۆمەتبارن بە شاردنەوەى ئەو مادە هۆشەبەرانە .
 
حەبى کاپتاگۆن لە سووریاوە بەشێوەى قاچاخ دەهێندرێتە عێراق، بەتایبەت بۆ سنوورى هەردوو پارێزگاى ئەنبار و نەینەوا، لەوێوە بۆ وڵاتى دیکە بە قاچاخ دەبرێت کە نرخى هەر حەبێکى لە عێراق زیاتر لە 25 هەزار دینارە.
 
بەگوێرەى ئامارى بەڕێوەبەرایەتیی رووبەڕبوونەوەى مادەى هۆشبەرى عێراق، لە ساڵى 2022ـدا زیاتر لە 14 هەزار کەس بە تۆمەتى بەکارهێنان و قاچاخیکردن بە مادەى هۆشبەر، دەستگیرکراون، کە 500 کەسیان ژن و مێرمنداڵ بوون.