هاوپەیمانیی سەروەری: رووداوەکەى بەغدا دەستدرێژى بوو بۆسەر یاسا و شکۆی دەوڵەت

 
رووداو دیجیتاڵ

هاوپەیمانیی سەروەری، رووبەڕووبوونەوەى چەکدارانى سەر بە حەشدی شەعبی و هێزە ئەمنییەکان بە "دەستدرێژیی ئاشکرا" بۆسەر یاسا، شکۆی دەوڵەت و دامەزراوە فەرمییەکانی وەسف دەکات و دەڵێت، "هەمیشە هۆشداریمان داوە، دەوڵەتی عێراق ناتوانێت بگاتە سەقامگیریی راستەقینە و گەشەپێدانی بەردەوام، تاوەکو چەکى بێمۆڵەت و نایاسایی بە ئازادی بجووڵێت."
 
ئەو هاوپەیمانێتییە کە یەکێکە لە نوێنەرى سوننەکان لە پەرلەمانى عێراق، یەکشەممە 27ى تەممووز راگەیێندراوێکى لەبارەى رووبەڕووبوونەوەکەى بەغدا بڵاوکردەوە، کە لەنێوان چەند چەکدارێکى حەشدی شەعبی و هێزە ئەمنییەکان روویدا.
 
هاوپەیمانیی سەروەری دەڵێت، "لەمێژە ئێمە لە هاوپەیمانیی سەروەری هۆشداریمان داوە لەبارەی مەترسی و دەرەنجامەکانی چەک و گرووپە چەکدارەکانی دەرەوەی یاسا، کە ئێستا لەنێوان خۆیاندا شەڕ لەسەر داگیرکردنی زەوی و زاری دانیشتووانی رەسەنی ناوچە و گەڕەکەکانی باشووری بەغدا دەکەن، ئەو ناوچانەی رووبەڕووی پرۆسەی گۆڕانکاریی دیمۆگرافیی تائیفی دەبنەوە، بە زەبری ئەو چەکەی کە ناونیشان و سیفەتی جیاوازی هەڵگرتووە. کار گەیشتە ئەوەی لە رۆژی رووناکدا، لەبەرچاوی جیهانەوە لە شەقامەکانی بەغدا شەڕ بکرێت و هەڕەشە لە فەرمانگەکانی دەوڵەت و سەرچاوەکانی بڕیار بکرێت، پەیامێکیشی بۆ دەرەوە نارد کە عێراق وڵاتێکی ئارام نییە، نە بۆ وەبەرهێنانی دەرەکی و نە بۆ سەقامگیریی هەمیشەیی."
 
رووبەڕووبوونەوەکە بەیانیی رۆژی یەکشەممە روویدا، کە هاوکات بوو لەگەڵ دەستبەکاربوونی بەڕێوەبەرێکی نوێ لە یەکێک لە فەرمانگەکانی کشتوکاڵ لە بەری کەرخی بەغدا. چەکدارەکان کە بەگوێرەى فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، سەر بە لیواکانى 45 و 46ى حەشدى شەعبی بوون، 14یان دەستگیر کراون.
 
هاوپەیمانیی سەروەرى رایگەیاند، "هەمیشە هۆشداریمان داوە کە دەوڵەتی عێراق ناتوانێت بگاتە سەقامگیریی راستەقینە و گەشەپێدانی بەردەوام، تاوەکو ئەم چەکە بێمۆڵەت و نایاساییە بە ئازادی بجووڵێت و، لە رێگەی دامەزراوە و ئۆرگانەکانی دەوڵەتەوە دەستى بگات بە سامان بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندیی تایبەتیی سەرکردەی میلیشیاکان و بازنەکانی دەوروبەریان. ئەمەش رێگە نادات ژینگەیەکی ئارام بۆ هیچ وەبەرهێنانێکی راستەقینە لە عێراقدا بێتەئاراوە."
 
لەو رووداوەدا کارمەندێکى پۆلیسی فیدراڵى بە پلەى رێگەپێدراو کوژرا، بەناوى غەزوان کەریم سەلمان روبەیعی.
 
ئەو هاوپەیمانێتییە کە خەمیس خەنجەر سەرۆکایەتیى دەکات، داواى کردووە ئەو رووداوە بەبێ سزایەکی رێگریکار تێنەپەڕێت، داوای پێکهێنانى لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی شەفاف و دادپەروەرانە دەکات، کە تاوانەکانی دەستبەسەرداگرتنی زەوییەکی بەرفراوانی باشووری بەغدا لە بەرژەوەندیی سەرکردە و کەسانی باڵادەست لەنێو گرووپ و باڵە چەکدارەکاندا ئاشکرا بکات.
 
لە بەشێکى دیکەى راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "ئەوەی بەیانیی رۆژی یەکشەممە روویدا، دەبێت زەنگێکی ئاگادارکردنەوە بێت سەبارەت بە مەترسیی بەردەوامبوونی گۆڕینی پێکهاتەی دیمۆگرافیاى دانیشتووان، بە پشتیوانیی چەک و هێزەکانی دەرەوەی یاسا، کە لەژێر ناونیشانی ناسراو و جیاوازدا کار دەکەن."