لە بەغدا بەهۆی بەڕێوەبەرێکەوە شەڕ لەنێوان حەشدی شەعبی و پۆلیس روویدا و پۆلیسێک کوژرا
رووداو دیجیتاڵ
لە رووداوێکی چاوەڕواننەکراودا لە بەغدا، گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان چەکدارانی حەشدی شەعبی و هێزەکانی پۆلیسی فیدراڵی لەسەر گواستنەوەی بەڕێوەبەرێکی گشتیی کشتوکاڵ پەرەی سەند بۆ پێکدادانی چەکداری. لە ئەنجامدا، پۆلیسێک گیانی لەدەستدا و 14 کەسی دیکە برینداربوون کە زۆربەیان ئەندامی هێزە ئەمنییەکانن.
شەڕەکە لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی بەغدا روویدا، دوای ئەوەی فەرمانی گواستنەوەی بەڕێوەبەرەکەی دەرچوو، بەڵام ناوبراو رەتیکردەوە پۆستەکەی چۆڵبکات و داوای پشتیوانیی لە چەکدارانی حەشدی شەعبی کرد. بەپێی زانیارییەکان، هەردوولا لە دووریی کەمتر لە 100 مەترەوە تەقەیان لە یەکدی کردووە.
بە گوێرەی راگەیێندراوێکی حکومەتی عێراق، ئەو چەکدارانە سەر بە لیواکانی 45 و 46ـی حەشدی شەعبی بوون و "بەبێ فەرمان و سەربەخۆ" هەڵیانکوتاوەتە سەر فەرمانگەکە. هەروەها ئاماژە بە دەستگیرکردنی 14 چەکداری بەشدار لە رووداوەکە کراوە.
عودەی جاسم، یەکێک لە شایەتحاڵانی رووداوەکە، جەخت لەسەر پێویستیی سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت دەکاتەوە و بە رووداوی گوت: "پێویستە دەوڵەت دەسەڵاتی خۆی بسەلمێنێت. ئەو پۆلیسانە بە فەرمانی کارگێڕیی حکومەت هاتوون. رەنگە سبەی لە فەرمانگەیەکی دیکەش ئەمە دووبارە ببێتەوە، بۆیە دەبێت دەوڵەت هەژموونی خۆی هەبێت."
قوربانیی سەرەکیی رووداوەکە پۆلیسێک بوو بە ناوی غەسان عەبدولکەریم، کە لەکاتی رووبەڕووبوونەوەکەدا گوللـە بەر سەری کەوت و یەکسەر گیانی لەدەستدا. غەسان خێزاندار بوو و باوکی سێ منداڵ بوو، کە گەورەکەیان هێشتا لە قۆناخی سەرەتاییە.
دایکی غەسان باسی چۆنیەتیی بیستنی هەواڵەکەی کرد و گوتی: "یەکێک لە کوڕەکان تەلەفۆنی بۆ کردم و گوتی کوڕەکەتان شەهید بووە... گوایە کەسێک کێشەی دروستکردووە، ئۆتۆمبێلی جامڕەشیان هێناوە و قەناسیان پێبووە و لەسەریان داوە."
دایکی غەسان بە نیگەرانییەوە دەڵێت: "بەلاتەوە ئاسایی بێت سبەی یان دوو سبەی چەکدارە بکوژەکان لە گرتووخانە ئازاد دەکرێن، وەک ئەوەی هیچ رووی نەدابێت. ئێمە زیانمان بەرکەوت و کوڕەکەمان لەدەستچوو."
تاوەکو ئامادەکردنی ئەم راپۆرتە، چارەنووسی ئەو بەڕێوەبەرەی کە کێشەکەی دروستکردووە، نادیارە. ئەم رووداوە جارێکی دیکە پرسیاری لەبارەی دەسەڵاتی گرووپە چەکدارەکان و توانای دەوڵەت بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخی ئەمنی لە پایتەختی عێراق ورووژاندووە.