پەیامنێری رووداو: داعش ئاگریان بەردایە بیرە نەوتەكانی عەینزالە

رووداو – زوممار

لەگەڵ پێشڕەوی پێشمەرگە لە ناوچەی زوممار و عەینزالەدا ، چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامیی لەعێراق و شام (داعش) ، ئەمڕۆ كاژێر 8:30 ئاگریان بەردایە بیرە نەوتەكانی عەینزالە.

سەرچاوەیەك لە زوممارەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، داعش ئاگری بەردایە سێ بیرە نەوتە گەورەكەی عەینزالە ، بۆ كۆسپ خستنە بەردەم پێشڕەوی پێشمەرگە.

هەروەها پەیامنێری رووداو هێڤیدار ئەحمەد لە بەرەکانی جەنگ هەواڵەکەی پشراستکردەوە و دەڵێ بیرە نەوتەکان سووتاون، بەڵام شارەزایەکی وزە دەڵێ ئەوەی سووتاوە بیرە نەوتەکان نییە بەڵکو نەوتی پاشماوەیە.

بێوار خەنسی شارەزای بواری وزە بە (رووداو)ی گوت کە ئەوەی داعش سووتانوویەتی نەوتی پاشماوەیە کە نزیکەی ١٤٠ هەزار بەرمیلە.

ئێستا ئاگری ئەو سێ بیرە نەوتە لە دوورەوە دەبینرێت ، جگە لە زیانی مادی ، زیانێكی زۆریش بە ژینگەی ناوچەكە دەگەیێنێت .

ئەو سەرچاوەیە دەڵێ ، ئەو كردەوەیەی داعش دەبێتە جێگەی ناڕەزایی دانیشتووانی شاری موسڵ ، چونكە هەستدەكەن سامانەكەیان بەهەدەر دەدرێت لەلایەن داعشەوە .

عەینزالە كە سەر بە پارێزگای موسڵە ، یەدەگە نەوتییەكەی بە یەك ملیار بەرمیل نەوت مەزەندە دەكرێت ، ئێستا رۆژانە توانای بەرهەمهێنانی 20 هەزار بەرمیلە ، بەڵام بەهۆی ئەو ئاگرتێبەردانە زیانێكی زۆر بە ساماناكەی و دەزگا نەوتییەكانی ئەو ناوچەیە دەگات .