سەرۆکایەتیى پەرلەمانى عێراق پێکهێنانى لیژنە رادەگرێت
رووداو دیجیتاڵ
جێگرى یەکەمى سەرۆکی پەرلەمانى عێراق، بە نووسراوێک پێکھێنانى لیژنەى لێکۆڵینەوە و وردبینى راستییەکان لەلایەن لیژنەکانەوە رادەگرێت.
بەگوێرەى نووسراوێک کە موحسین مەندەلاوى، جێگرى یەکەمی سەرۆکى سەرۆکى پەرلەمانی عێراق لە 23ى ئاب ئاراستەى فەرمانگەى کاروبارى پەرلەمانى کردووە، لیژنە هەمیشەییەکانى پەرلەمان مافی ئەوەیان نییە لیژنەى لێکۆڵینەوە و وردبینى راستییەکان پێکبهێنن بەبێ جێبەجێکردنی ئەو رێکارانەی کە لە پەیڕەوى نێوخۆى پەرلەماندا هاتوون.
شوان محەممەد، ئەندامى پەرلەمانى عێراق رۆژی دووشەممە 28-8-2023 بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت، "ئەو بڕیارە بۆ ئەوەیە لیژنەکان سەربەخۆ لیژنەى لێکۆڵینەوە و وردبینى راستى پێکنەهێنن و بڕیارى پێکهێنانى ئەو لیژنانە لەلایەن سەرۆکایەتیى پەرلەمانەوە بدرێت."
بەگوێرەى بڕگەى چوارى مادەى 35ى پەیڕەى ناوخۆى پەرلەمانى عێراق، سەرۆکى پەرلەمان و جێگرانى دەتوانن لیژنەى کاتى و لێکۆڵینەوە و لیژنەى پەرلەمانى هاوبەش پێکبهێنن، لە مادەى 83ـی هەمان پەیڕەودا هاتووە کە "ئەو لیژنانە بە رەزامەندیی زۆرینەى ئامادەبوونى پەرلەمان پێکدەهێندرێت بەو مەرجەى لەسەر پێشنیازى سەرۆکى پەرلەمان و جێگرانى یان داواى 50 پەرلەمانتار بێت."