گوتەبێژی حکومەتی عێراق: رێککەوتنی سنووریمان لەگەڵ ئێران جێبەجێ کردووە
رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی عێراق جەخت لە جێبەجێکردنی رێککەوتنیان لەگەڵ ئێران بۆ چەکداماڵین و داخستنی سەربازگەکانی پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکاتەوە و دەڵێت، "عێراق پابەندبوونەکانی خۆی لەگەڵ ئێران جێبەجێ کردووە."
باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق رۆژی دووشەممە 28-08-2023 لە تویتێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەری پێشوو) رایگەیاند، "عێراق رێککەوتنی لەگەڵ ئێران واژۆ کردووە و تێیدا هاتووە: رێگریکردن لە دزەکردنی چەکداران، رادەستکردنی داواکراوان، چەک داماڵین و لابردنی سەربازگەکان، پابەندبوونەکانی خۆشی جێبەجێ کردووە."
گوتەبێژی حکومەتی عێراق ئاماژەی بەوەش کردووە، "گرنگترین بنەمای سیاسەتی دەرەوە بریتییە لەوەی نابێت عێراق لایەنێک بێت لە زیانگەیاندن بە دراوسێکانی. سەروەریی عێراق پێویستی بە لێکتێگەیشتنی ئەمنییە، بۆ پاراستنی سنووری عێراق لە هەر پەلامارێک."
ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رۆژی دووشەممە 28-08-2023 لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "لەگەڵ عێراق رێککەوتووین لەسەر چەکداماڵینی گرووپە تیرۆریستییەکانی کوردستانی عێراق و داخستنی بارەگا سەربازییەکانیان."
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران باسی لەوەش کرد، "ئەگەر رێککەوتنەکە لە وادەی خۆیدا جێبەجێ نەکرێت، ئەوا بەرپرسیارێتیی خۆمان بەرامبەر گرووپە تیرۆریستییەکانی کوردستانی عێراق جێبەجێ دەکەین."
رۆژی 19ی ئاداری 2023 لە بەغدا، عێراق و ئێران کۆنووسێکی ئەمنیی هاوبەشیان واژۆ کرد کە قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق و عەلی شەمخانی لەلایەنی ئێرانی واژۆی لەسەر کرد. یاداشتەکە هاوئاهەنگی لە رووی پاراستنی سنووری هاوبەشی نێوان هەردوو وڵاتی لەخۆ گرتبوو.