وەزارەتی بەرگریی ئەڵمانیا بۆ رووداو: داعش هێزی لە عێراق نەماوە، بەڵام مەترسی گرووپی دیکەی چەکداری هەیە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی ئەڵمانیا بە رووداوی راگەیاند، هەرچەندە کۆنتڕۆڵی رێکخراوی داعش لە هیچ ناوچەیەکی عێراقدا نەماوە، بەڵام هەندێک گرووپی چەکداری دیکە بوونەتە هەڕەشە لەسەر ئەو وڵاتە. هەر لەبەر ئەو هۆکارەش بەرنامەی سەربازیی دژ بە داعشیان لە هەرێمی کوردستان و عێراق درێژ کردووەتەوە و لە داهاتووشدا بەردەوام دەبێت.
گوتەبێژێکی وەزارەتی بەرگریی ئەڵمانیا بە ئیمەیڵ وەڵامی تۆڕی میدیایی رووداوی دایەوە و رایگەیاند، عێراق پێویستی بە هاوکاریی هێزە سەربازییەکان هەیە، جگە لە هاوکارییە مرۆیی و پەرەسەندنی ئابووری، چونکە هەندێک گرووپی چەکداری دیکە بوونەتە هەڕەشە لەسەر ئەو وڵاتە.
گوتەبێژەکەی وەزارەتی بەرگریی ئەڵمانیا گوتی: "ئەڵمانیا هاوکارێکی نزیکی عێراقە و بە شێوەیەکی فراوان هاوکاریی عێراق و ئەو ناوچانەی کردووە کە لە دەستی داعش رزگار کراون."
ئەو گوتەبێژەی وەزارەتی بەرگریی ئەڵمانیا ئاماژەی بەوەدا، سەرەڕای هاوکارییە مرۆییەکانیان بۆ عێراق و یارمەتیدانی ئابووریی عێراق، لە رووی سەربازیشەوە هێزەکانیان لە دوای 2015 لە عێراق و هەرێمی کوردستان کاران.
سەبارەت بە مانەوەی هێزەکانی ئەڵمانیا لە عێراق، گوتەبێژەکەی وەزارەتی بەرگریی ئەڵمانیا گوتی: "هەرچەندە کۆنتڕۆڵی داعش لەسەر عێراق نەماوە، بەڵام هەندێک گرووپی دیکەی عێراق بوونەتە هەڕەشە لەسەر ئەو وڵاتە. بۆیە ئەرکی سەربازی لە هەرێمی کوردستان و عێراق تاوەکو 31ی کانوونی دووەمی 2026 بەردەوام دەبێت. دوای بڕیاردان لەلایەن پەرلەمانی فیدراڵی، رایدەگەیهنن کە ئایا بەرنامەی سەربازی درێژ دەکرێتەوە یان نا."
ئەرکی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان و عێراق بریتییە لە:
- راهێنان بە پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی عێراق.
- هاوکاریکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە.
- کۆکردنەوەی زانیاریی هەواڵگری لەبارەی جموجۆڵەکانی داعش و پێدانی ئەو زانیارییانە بە پێشمەرگە و سوپای عێراق.
- دابینکردنی سووتەمەنی بۆ فڕۆکەکانی ئەندامانی دیکەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی.
دەقی پرسیاری رووداو و وەڵامەکەی وەزارەتی بەرگریی ئەڵمانیا:
رووداو: ئایا هێشتا مەترسیی داعش لە عێراق ماوە؟
وەزارەتی بەرگریی ئەڵمانیا: کۆنتڕۆڵی رێکخراوی تیرۆریستی بەناو دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) لە کۆتایی ساڵی 2017ەوە لە عێراق دا نەماوە، بەڵام هێشتا لەو وڵاتەدا کۆمەڵێک گرووپی چەکدار هەن، کە بەردەوام مەترسییان لێ دروست دەبێت. ئەڵمانیا هاوکارێکی نزیکی عێراقە. حکومەتی فیدراڵی هاوکاریی فراوانی عێراقی کرد لە شەڕی دژ بە داعش و لە سەقامگیرکردنی ئەو ناوچانەی کە لە داعش رزگار کراون. لەگەڵ رێکارەکانی جێگیرکردنی مەدەنی و پێداویستییەکانی هاوکاری مرۆیی و پەرەسەندنی ئابووری، حکومەتی فیدراڵی لە ساڵی 2015ەوە لە رووی سەربازی لە عێراق و هەرێمی کوردستانی عێراق بەشدار بووە. پەرلەمانی فیدراڵی بڕیاری دا کە بەشداریکردنی هێزە سەربازییەکانی ئەڵمانیا لە چوارچێوەی چالاکییەکانی ناتۆ لە عێراق و لە تشرینی یەکەمی 2024دا تاوەکو 31ی کانوونی دووەمی 2026 درێژ بکرێتەوە. دوای بڕیاردان لەلایەن پەرلەمانی فیدراڵی، رایدەگەیهنن کە ئایا بەرنامەی سەربازی درێژ دەکرێتەوە یان نا.