پێنج وەزیری حکومەتی عێراق دەچنە پەرلەمان
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ یەکشەممە پێنج وەزیری حکومەتی عێراق کە دووانیان کوردن، دەچنە پەرلەمان.
ئەو وەزیرانەی دەچنە پەرلەمان پێکدێن لە خالید شوانی، وەزیری داد، بەنگین رێکانی، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێ و شارەوانییەکان، تەیف سامی، وەزیری دارایی، ئەحمەد ئەسەدی، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و ماهیر حوسێن رەشید، سەرۆکی دەستەی نیشتمانیی خانەنشینی، کە پلەکەی وەزیرە.
شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە، 28ـی ئەیلوولی 2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کاژێر 06:00ـی ئێوارە وەزیرەکان دەچنە کافتریای پەرلەمانی عێراق بۆ ئەوەی پەرلەمانتاران داواکاریی خەڵکیان پێ بگەیێنن.
ئەندامەکەی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، لەبری ئەوەی پەرلەمانتاران بچنە لای وەزیرەکان، وەزیرەکان خۆیان دەچنە پەرلەمان و لە نزیکەوە داوا و سەرنج و تێبینی و کێشەکانی خەڵک لە پەرلەمانتاران وەردەگرن بۆ ئەوەی کاریان لەسەر بکەن.
رۆژی یەکشەممەی رابردووش، 21ـی ئەیلوولی 2025، ئەم وەزیرانە چوونە پەرلەمان: سابت عەباسی، وەزیری بەرگری؛ حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوت؛ عەباس مالیکی، وەزیری کشتوکاڵ؛ ئەسیر غرێری، وەزیری بازرگانی؛ عەون زیاب، وەزیری سەرچاوەکانی ئاو؛ هیام یاسری، وەزیری گەیاندن و حوسین عەلی سوڵتانی، سەرۆکی دەستەی زیندانیانی سیاسی، کە پلەکەی وەزیرە.
سۆران عومەر، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری لە پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت، چوونی وەزیرەکان بۆ پەرلەمان لە سەردەمی سەرۆکایەتیی محەممەد حەلبووسی دەستیپێکرد و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە.