لە بەغدا یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لەبارەی خوێندنی زمانی فەرەنسی واژۆ دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی پەروەردەی عێراق و باڵیۆزخانەی فەرەنسا، یاداشتێکی لێکتێگەیشتنیان واژۆ کرد لەبارەی پرۆگرامی خوێندنی زمانی فەرەنسی لە قوتابخانەکانی عێراق.
ئەو یاداشتی لێکتێگەیشتنە، یەکشەممە 28ی ئەیلوولی 2025، لە نێوان ئیبراهیم جبووری، وەزیری پەروەردەى عێراق و پاتریک دۆرێل، باڵیۆزی فەرەنسا لە بەغدا واژۆ کرا.
کەریم سەید، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو یاداشتە بۆ نوێکردنەوەی پرۆگرامی خوێندنی زمانی فەرەنسییە لە عێراق."
وەزارەتی پەروەردەی عێراق لە راگەیێنراوێکدا دەڵێت: "ئەو هەنگاوە گرنگە بۆ ئامادەکردنی نەوەیەک کە زمانی جیهانی دیالۆگ بزانن." ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ زمانی فەرەنسی.
کەریم سەید رایگەیاند، بە گوێرەی رێکارەکانی وەزارەتی پەروەردەی عێراق، زمانی فەرەنسی لە هەندێک قوتابخانەکان دەخوێنرێت و ئەو یاداشتە تایبەت دەبێت بە پرۆگرامی خوێندنی زمانی فەرەنسی لەو قوتابخانانەدا.
وەزارەتی پەروەردەی عێراق دەڵێت، ئەو هەنگاوە گۆڕانکارییەکی "جۆرییە" بۆ نوێکردنەوەی دیزاین و دانانی پرۆگرامی زمانی فەرەنسی.
لە قوتابخانەی تایبەت بە بەهرەمەندانی عێراق، خوێندنی زمانی فەرەنسی ناچارییە، بەڵام لە قوتابخانە توانادارەکاندا بە بژاردەیە.