27 بەربژێر سزادران و بەربژێرێکی یەکێتیش دوورخرایەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی کۆمیسیاران کۆبووەوە و چەند بڕیارێکی دەرکرد لەنێویاندا: سکاڵایەکی نەوەی نوێ لەسەر یەکێتی رەتکردەوە، 27 بەربژێر بەهۆی سەرپێچی بانگەشەی هەڵبژاردن بە دوو ملیۆن دینار بۆ هەر یەکێکیان سزادران، شەش بەربژێریش دوورخرانەوە کە یەکێکیان لە لیستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە.
نەوەی نوێ سکاڵای لە یەکێتی کردووە
ئەنجوومەنی کۆمیسیاران، سکاڵایەکی رێگەپێدراوی جووڵانەوەی نەوەی نوێی لە دژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رەتکردووەتەوە تایبەت بوو بە بانگەشەی هەڵبژاردن، بە پاساوی ئەوەی بەڵگەی پێویست لەبەردەست نەبووە.
سکاڵایەکی دیکە لەلایەن ئەنجوومەنی کۆمیسیارانەوە رەتکراوەتەوە، رێگەپێدراوی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دژی گولسەل محەممەد عەبدولڕەحمان، بەربژێری لیستی بەرەی تورکمانی یەکگرتوو لە کەرکووک، سکاڵاکە تایبەت بووە بە بانگەشەی هەڵبژاردن و بە پاساوی نەبوونی بەڵگە رەتکراوەتەوە.
ئەنجوومەنەکە هەروەها سکاڵایەکی دیکە لە دژی نەعیم عەبوودى، سەرلیستی هاوپەیمانی سادیقوون لە بەغدا رەتکردووەتەوە ،عەبوودى هاوکات وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی عێراقە،ئەو لیستە باڵی سیاسیی بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی هەقە.
27 بەربژێر دەبێت دوو ملیۆن دینار بدەن
چوار بڕیاری ئەنجوومەنی کۆمیسیاران تایبەتن بە سزادانی 27 بەربژێری لیستە جیاوازەکان بەهۆی پێشێلکردنی رێکارەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن.
بەگوێرەی بڕیارەکان هەر یەک لەو بەربژێرانە بە دوو ملیۆن دینار سزای پێبژاردن دراون، لەو سپاردە داراییە دەبڕدرێت پێش بانگەشە رادەستی کۆمیسیۆنیان کردووە.
ئەو پێشێلکارییانەی بەربژێرەکانى لەسەر سزا دراوە، تایبەتن بە بانگەشەکردن و هەڵواسینی پۆستەر لەو شوێنانەی کە رێگەپێدراو نین.
27ی تشرینی یەکەمی 2025، جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "تێکڕای ئەو بەربژێرانەی بەهۆی سەرپێچی و پێشێلکردنی رێنمایی و یاساکانی کۆمیسیۆنەوە سزا دراون، گەیشتووەتە 580 بەربژێر."
شەش بەربژێری دیکە دوورخرانەوە
ژمارەی بەربژێرانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق هەر کەمدەبێتەوە، ئەمجارە شەش بەربژێر لە رکابەری لیستەکان دوورخراونەتەوە، هۆکاری دوورخستنەوەکانیان جیاوازە و پەیوەندیدارن بە پێشینەی تاوان، ساختەکردنی بڕوانامە، بەعسی بوون.
بەربژێرە دوورخراوەکان بریتین لە: عەلی شایع، بەربژێری هاوپەیمانیی "فاو- زاخۆ" لە بەسرە، ئیبراهیم حەبیب، بەربژێری هاوپەیمانیی 'ئەبشر یا عێراق' لە بابل، حوسێن سوڵتانی، بەربژێری هاوپەیمانیی خزمەت لە بابل، ئەیاد تەمیمی، بەربژێری عومقى نیشتمانی لە بەغدا، محەممەد عەتییە، بەربژێری هاوپەیمانیی سەروەری نیشتمانی لە ئەنبار، لەیلا کەریم، بەربژێری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سلێمانی.
بەگوێرەی بڕیاری ئەنجوومەنی کۆمیسیاران دوورخستنەوەى بەربژێرەکەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەهۆی ساختەکردنی بڕوانامەوە بووە و فەرمانگەی یاسایی راسپێردراوە بۆ ئەوەی سکاڵای یاسایی لە دژی ئەو بەربژێرە پێشکەش بکرێت.